نوچەنێت-ئاکا
میخائیل بۆگدانۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا ئەمڕۆ هەینی، 16ی سێپتامبەر رایگەیاند: رێککەوتنی ئەم دواییانەی مۆسکۆ و واشنتۆن، لە بارەی سوریاوە چارەنووسی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە و قۆناغی ئینتقالی سیاسی لە سوریا، لە خۆ ناگرێ و لەم بارەیەوە هیچ خاڵێکی دیاریکراوان نییە.
جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، لە وتووێژ لە گەڵ ئاژانسی نۆڤێستی جەختی کردۆتەوە، کە روسیا پێی وایە کە مەسەلەی چارەنووسی بەشار ئەسەد، پرسێکی ناوخۆیی ئەم وڵاتەیە و تەنها پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە.
بۆگدانۆف راشیگەیاند، کە لە گەڵ ئەمریکا خەریکی تاوتوێ کردنی ئیمکانی ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندان.
ئەم بەرپرسەی روسیا هەروەها دەڵێت: روسیا لە پەیوەندی لە گەڵ سازش لە سوریا و کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی لەم وڵاتە، هیچ جۆرە پلان و نەخشەرێگایەکی نهێنی نییە.