نوچەنێت
پرسێکی جددی کە وەک ئاڵۆزییەک لەم دواییانە سێبەری خستە سەر پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و سعودیە، مەسەلەی داواکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بوو لە سعودیە، تاوەکو باڵوێزی خۆی لە بەغدا بگۆرێت. ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی 28ی تەموز رایگەیاند: سامر سەبهان، باڵوێزی سعودیە لە وتووێژ لە گەڵ میدیاکان کۆمەڵێک لێدوانی داوە، کە بە رای ئێمە سنووری پرۆتۆکۆڵە دیپلۆماسییەکان و ئەجێندای باڵوێزێکی بەزاندووە. هەروەها پێمان وایە کە سامر سەبهان بەربەستێکە لە بەردەم پەرەسەندنی پەیوەندی دوو لایەنەی نێوان ریاز و بەغدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، دەوڵەتی عێراق بە فەرمی داوی لە سعودیە کردووە تا سمر سەبهان،باڵوێزی خۆی لە عێراق بگۆڕێت.
سەبهان یەکەمین باڵوێزی سعودیە بوو، کە دوای 25 ساڵ لە هێرشی عێڕاق بۆ سەر کوێت، لە ساڵی 1990، رۆژی 2ی جونی ساڵی رابردوو بۆ پۆستی باڵوێزی ئەم وڵاتە لە عێراق دیاری کرا، ئەمەش دواتر کۆمەلێک پرس و کێشەی جددی بە دواداهات.
بە پێچەوانەی پێش بینیەکان کە گوایە پەیوەندییەکی سیاسی نوێ لە نێوان دوو وڵات دێتە کایەوە، ئەنجامەکانی شتێکی دیکەی بەدواودا هات.
رۆژی 21ی تەموز رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا ئاشکرای کرد، کە ئێران پلانی تیرۆری سامر سەبهان، باڵوێزی سعودیەی لە بەغدا داڕشتووە و هەوڵی داوە لە رێگەی میلیشیاکانی شیعەی عێراقی ئەم پلانە جێبەجی بکات.
شەرقولئەوسەت، هەروەها ئاشکرای کردبوو کە پلانی تیرۆرەکە بە جۆرێک بووە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئۆتۆمبێلی نەناسی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بە تەقاندنی گولەی ئاڕ پی جی 7، سەبهان تیرۆر بکەن. ئەنجامدەرانی تیرۆرەکە دواتر دەبوایە بەرەو گەرەکی سوننە نشینی ازوانیەی بەغدا هەڵاتبایەن، تا لەم رێگەوە هێزە ئەمنییەکان بەلاڕێدا ببەن و وا نێشان بدەن کە تیرۆرەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە داعشەوە ئەنجام دراوە.
رۆژێک دوی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتەی شەرقولئەوسەت، ئەحمەد جەماڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، کە بانگەشە و ئیدیعای میدیاکان لە پەیوەندی لە گەڵ پلانی تیرۆری باڵوێزی سعودیە ناراستە و تەنیا ئامانجیان بردنە ژێر پرسیاری پەیوەندییەکانی سعودیە و عێراقە.
سەبهان 22ی تەموز لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی رایگەیاند: وەخت و ناوەخت کۆمەڵێک زانیاریمان پێ دەگات کە میلیشیا شیعەکان بە هاوکاری ئێران، خەریکی پلان داڕشتنن لە دژی سعودیە و ئامانجی ئەم پیلانانەش باوڵوێزخانەی سعودیە لە بەغدا و شەخسی باڵوێزی ئەم وڵاتەیە. ئێمە بە پێی رێوشوێنی دبلۆماسی ئەم زانیاریانە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەینەوە.
اوس الخفاجی، ئەمینداری گشتی بریگادی ابوالفضل العباس، بەستراوە بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، رۆژی 23ی تەموز لە لیداونێکدا، ئیدیعای سعودیەی بۆ تیرۆرکردنی سەبهان رەتکردەوە. الخفاجی گوتی: دوژمنایەتی باڵوێزی سعودیە لە گەڵ گەلی عێراق روون و ئاشکرایە، هەر بۆیە ئامانجی زۆرێک لە عیراقییەکانە، ئەگەر سەبهان بکوژرێت، بۆ هەموو لایەکمان شانازییە.
گروپێک لە وێبلاگ نووسانی عێراقی هەشتەگێکیان دروستکرد، بەم مانایە: سامر سەبهان دوژمنی عێراقە، هەر بۆیە خوازیاری دەرکردنی باڵوێزی سعودیە بوون لە عێراق.
هەر وەک چۆن بوونی باڵوێزی ئێستای سعودیە لە عێراق، بۆتە هۆی دووبەرەکی و جیاوازی بۆچوون لە نێوان خەڵک و سیاسییەکانی عێراق، پرسی گۆڕینیشی بە هەمان شێوەی کاردانەوەی خۆی بەدواوە بووە.
بلۆکی سیاسی شیعەی نزیک لە ئێران، خوازیاری گۆڕی سەبهانە. حزبی ئیسلامی دەعوە بە سەرکردایەتی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ئەم داواکارییەی ستایش و بەرز نرخاندووە و گوتویەتی، ئێستاش درەنگە. حەشدی شەعبی پێشوازی لە فکریەتی گۆڕینی سەبهان کردووە و کریم النوری، گوتەبێژی ئەم هێزە رۆژی 28ی تەموز رایگەیاند: هەر چەند درەنگ ئەم بڕیارە دراوە، حەشدی شەعبی پێشوازی و پشتیوانی لەم داواکاریەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات. نوری لەم بارەیەوە گوتوویەتی، سەبهان بە هیچ شێوەیەک شارەزای کاروباری دیپلۆماسی نییە و زیاتر لەوە هێرشەکانی بۆ سەر داعش بێت، بۆ سەر حەشدی شەعبی بووە.
هاوپەیانی “متحدون” کە یەکێکە لە لایەنە سیاسییەکانی سوننەی عێراق، دژایەتی خۆی لە گەڵ ئەم داوایەی وەزارەتی دەرەوە خستۆتەڕوو و لە 30 تەموز لە بەیانێکدا رایگەیاند، داواکاری بۆ گۆڕینی سامر سەبهان، باڵوێزی سعودیە لە عیراق، بابەتێکی جددی و لە کەلتوری دیپلۆماسی لە نێوان گەلاندا بابەتێکی بێ وێنەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی زەبر لێدان لە رۆڵی ناوچەیی سعودیە.
راگەیێندراوەکەی متحدون ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەم داواکارییە لە ژێر گوشار و پێداگری میلیشیا سەرەڕۆکانی شیعە هاتۆتە بەرباس، کە لە مێژ ساڵە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی عێتاق و جیهانی عەرەبی بوونەتە هەڕەشە و مەترسییەکی جددی. ئەم داواکارییەی لە بنەڕەتدا نالۆژیکی و نادروستە و سەبهان وەک باڵوێزی سعودیە لە عێراق دەمینێتەوە.
لە کاتێکدا ئەم داواکاریە لە ئارادایە کە سەرچاوەکانی زانیاری لە سعودیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە، هەواڵی گۆڕین و دەستنیشان کردنی جێگرەوەیەک بۆ سەبهان دوورە لە راستی و ناوبرا لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.
ئەم قەیرانە رەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی عێراق، لە ژینگەی سیاسی جیهانی عەرەب. بە تایبەت کە سعودیە لە جیهانی عەرەب قسەی یەکەم و کۆتایی دەکات و وەک گەورەترین وڵاتی بڕیاردەری عەرەبی هەژمار دەکرێت. ئەمە بەو مانایە کە قەیرانێکی نوێی چاوەڕیی عێراق دەکات، قەیرانێک کە رەنگە یەکەم کاردانەوەکەی بانگهێشت کردنەوەی باڵوێزەکان بێت، لە لایەن تێکڕای وڵاتانی عەرەبیەوە.