شاندی ئەمریکی: بەهۆی ئازایەتی پێشمەرگە پێشكەوتنی بەرچاو لە شەڕی دژی داعش بە دەستهاتووە

0

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەمریكا کرد و باسی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کرا.

رۆژی پێنجشەممە 15-9-2016 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەنتۆنی بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، سڵاوی سەرۆك ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمریكای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و سوپاسی رۆڵ و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی كرد و پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكان لە دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو”. راشیگەیاند “بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگە پێشكەوتنی بەرچاو لە شەڕی دژی داعش بەدەستهاتووە.

لە راگەیێندراوەكەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە بارزانی “سوپاسی سەرۆك ئۆباما و گەل و حكومەت و سوپای ئەمریكای كرد، كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. هیوای ئەوەشی خواست كە بە هاوكاری و كاری هاوبەشی هەردوولا سەركەوتنی گەورەتر لەدژی تیرۆریستان بەدەستبهێندرێت“.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە، باس لە ئامادەكارییەكان و پلانی سەربازی بۆ ئازادكردنی موسڵ و هەماهەنگی نێوان هێزە بەشداربووەكان كرایەوە. بارزانی باسی لە بایەخی بوونی پلانی سیاسیی بۆ قۆناخی دوای ئازادكردنی موسڵ كردەوە، لەپێناو رێگەگرتن لە قووڵتربوونی كێشەكان و پاراستن و پێدانی دڵنیایی بە پێكهاتەكان بە تایبەت مەسیحی و ئێزییدییەكانی پارێزگای نەینەوا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لە سەر بەردەوامیی گوشارهێنان بۆ سەر “تیرۆریستان” هاوڕا بوون و و هەماهەنگی و راوێژی بەردەوامی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هاوپەیمانان دووپاتكردووەتەوە.

شاندی ئەمریکی پێكهاتبوون لە؛  ئەنتۆنی بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، برێت مەكگۆرگ، نوێنەری تایبەتی ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش، دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی تازەی ئەمریكا لە عێراق، جەنەراڵ ستێڤن داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، كێن گرووس كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com