نوچەنێت-بی بی سی
جەواد زەریف، وەزیری دەرەویە ئێران لە یاداشتێک کە لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاو بۆتەوە، وێڕای رەخنەی توندی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی سعودیە، وەهابییەت بە سەرچاوەی بەشێک لە هێرشە تیرۆرستییەکان وەسف دەکات و بانگەشەی ئەوەش دەکات کە، جیهان لە دژی وەهابیگەری بوەستێتەوە.
لە بەشێک لەم یاداشتەی زەریف، کە رۆژی سێ شەممە13ی سێپتامبەر لە ژێر ناوی “وەرن با جیهان لە وەهابییەت بەتاڵ بکەینەوە” لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاو بۆتەوە، تێیدا هاتووە: مافیای پەیوەندییە گشتییەکان کە هیچ باکێکیان لە وەرگرتنی دۆلارە نەوتییەکان نییە، ئەم رۆژانە بە هۆی ئەو قازانجەی کە لێی سوودمەند بوون، لە خۆشیدا لە پێستی خۆیاندا ناگونجێن. دوایین پرۆژەیان ئەوەیە کە قەناعەتمان پێ بێنن کە بەرەی نوسرە کە لقێکی قاعیدەیە، ئیتر لە گەڵ ئەم گروپە بناژۆخوازە هاوپەیمان نەماوە.
جەوادی زەریف لە درێژەی یاداشتەکەیدا دەڵێت: بەڵام کێشەی موشتەریی و خۆش بژیویەکانی ئەم مافیایانە کە زۆربەیان سعودیەکانن، لەوە دایە کە دوای پشتیوانی بێ کۆتاییان لە بەرەی نوسرە، چیتر سیاسەتەکانیان بە فۆتۆشاپیش دەستکاری ناکرێت. هەر کەس لەم بارەیەوە گومانی هەیە، با سەیر ڤیدئۆی سەربڕینی ئەو منداڵە تەمەن 12 ساڵەکە بکات کە، لە لایەن شەڕکەری بە ناو میانەڕەو ئەنجام دراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی یاداشتەکە ریشە و سەرەتای دروستبوونی گروپە توندڕەوەکان، وەک داعش و تەنناەت بوکوحەرام بۆ سیاسەت و پشتگیرییەکانی سعودیە دەگێڕێتەوە، کە لە خۆیدا پشتیوانی بیروباوەڕی وەهابییەتە. زەریف، هەروەها هێڕشە خوێنیاویەکانی سەر فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی لەم رەهەندەوە لێک دەداتەوە وپێێو ایە، کە وەهابییەت دیاردەیەکی جیاواز لە ئایینی ئیسلامە.
زەریف لە کۆتاییدا داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، کە سەبارەت بە چۆنیەتی دەستڕاگەیشتنی ئەم گروپانە بە سەرچآوەکانی داهات و دارایی، لە دژی وەهابییەت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێکبخرێت.
ئەم یاداشتەی زەریف، کە بە شێوەازێکی کەم وێنە و لە سەروبەندی دانیشتنی کۆڕی گشتیی نەتەویەکگرتووەکان لە دژی سعودیە بڵاو بۆتەوە، پێدەچێت دەستپێکی ئاست و رەهەندێکی نوێ بێت لە تەنگژە و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعودیە.