نوچەنێت-رادیۆ فەردا
ئاگربەستی نوێی سوریا دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 12ی سێپتامبەر، چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە، ئەم ئاگربەستە رەنگە دوایی دەرفەت بۆ رزگاری سوریا و پاراستنی یەکپارچەیی ئەم وڵاتە بێت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵنێریی فەڕەنسا، چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکی ئاگربەستەکە، وەزیری درەوەی ئەمریکا جەختی کردۆتەوە کە، بۆ مانەوەی هیواکان بۆ چآرەسەرکردنی قەیرانی سەربازی سوریا، ئەم ئاگربەستە، دەبێ ئەنجامێکی باشی لێبکەوێتەوە، چونکو تەنها رێگایەکە کە، دەتوانێت ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕی سوریا.
جۆن کێری ئەوەشی خستۆتەڕوو سەرباری هەموو گومان و دڕدونگی و بەربەستەکان کە رەنگە رۆژانی داهاتوو سەرهەڵبدەن، ئەم پلانە شانسی سەرکەوتن و ئەنجامێکی باشی هەیە.
کێری دەشڵێت: پێمان وایە تەنها رێگای راستەقینە و مومکین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەم وڵاتە، چارەسەرێکی سیاسیە و بەس.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوەش دەکات کە، بە پێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، ئاگربەستەکە تا ئێستا کەم بوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی بەدوادا هاتووە.
کێری هەروەها گوتی: هەنگاوی دواتر ئەوەیە، هێزەکانی سەربە سوپای سوریا، رێگە بدەن دانیشتوانی ناوچە گەمارۆ لە سەرەکان دەستیان بە یارمەتی مرۆڤدۆستانە رابگات.