بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان:
بەپێی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، لەهەولێر كۆمەڵ كەوتوەتە پێش یەكگرتوو لەڕووی جەماوەرییەوە
دەنگی ئۆپوزسیۆن لە سلێمانی لە دەنگی دەسەڵات زیاتر دەبێت
بەهۆی رووداوەكانی بادینان، دەنگەكانی یەكگرتوو لەو ناوچەیە زیاتر دەبێت
نوچەنێت. گۆڤاری سڤیل
سڤیل: دەزگای هەڵبژاردن بەدەزگایەكی گرنگی حیزبەكان دادەنرێت، چ ئامادەكارییەكتان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كردووە؟
بەیان نوری: بەهۆی ئەوەی كات و رۆژی هەڵبژاردن دیارینەكرابوو، لەماوەی رابردوودا، تەنیا كارێك ئەنجاممان دابێت دیاریكردنی كاندیدەكان بوو، بۆیە لەگەڵ مەڵبەندەكان رێكەوتووین لەسەر شێواز و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان، بەڵام لەكارەكانی دیكەمان هێشتا دەستبەكارنەبووین.
سڤیل: ئەی سەبارەت بەئەنجامدانی توێژینەوەو راپرسیەكانتان، دەرئەنجامەكانی ئاماژە بەچی دەكات لەڕووی دەنگەكانتانەوە؟
بەیان نوری: وەك دەزگاكەمان تائێستا راپرسی و توێژینەوەمان نەكردووە، بەڵام ماوەی رابردوو چەند دەزگا و ڕێكخراوێكی بیانی و ناوخۆیی راپرسیان كردووە، بەپێی دەرئەنجامی ئەو راپرسیانە دەنگەكانی یەكگرتوو لەزیادبووندایە.
سڤیل: لەگەڵ مەڵبەندەكان لەسەر چ شێوازێك رێكەوتوون بۆ دیاركردنی كاندیدەكانتان؟
بەیان نوری: بەپێی ئەو میكانیزمەی دیاریكراوە، دیاریكردنی كاندیدەكان لەڕێگەی رێكخستنەكانەوە ئەنجام دەدرێت، بەوەی ئەو كەسەی مەرجەكانی كاندیدی تێدا بێت، خۆی هەڵدەبژێرێت و دواتر لەڕێگەی ڕێكخستنەكانەوە هەڵبژاردن بۆ كاندیدەكانی مەڵبەند ئەنجام دەدرێت.
سڤیل: لەسەر ئاستی مەڵبەندەكان كۆتایی بەدیاركردنی كاندیدەكانتان هاتووە؟
بەیان نوری: نەخێر، چەند هەنگاوێكی بۆ نراوە، بەڵام كۆتا هەنگاومان ماوە، چونكە بەشێك لەمەڵبەندەكان بەهۆی ئەو رووداوانەی بەسەر یەكگرتوودا هات، تا ئێستا هەڵبژاردنی رێكخستنەكانیان نەكردووە.
سڤیل: بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان، هەڵبژاردنی كاندید بەلیستی كراوە دەبێت، وەك یەكگرتوو چی تێبینییەكتان هەیە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان؟
بەیان نوری: دەتوانین بڵێین تاڕادەیەك یاسای هەڵبژاردنەكان یاسایەكی گونجاوە، بەنیسبەت لیستی كراوەش وەك یەكگرتوو هەمیشە پێمان باشبووە، لەبەرئەوەی هەمیشە گوتوومانە با جەماوەر دەستی هەبێت لەدیاركردنی نوێنەری خۆی، نەك تەنیا دەسەڵاتە حیزبیەكان رۆڵیان هەبێت لەدیاركردنی نوێنەرەكان، بۆیە پشتگیری ئەو جۆرە یاسایەمان كردووە، پێمانوایە ئەم جۆرە یاسایە لەیاساكانی دیكە جیاوازتر بووە.
سڤیل: ئایا لەلیستی كراوە، یەكگرتوو زەرەرمەند نابێت، بەهۆی ئەوەی لەو ناوچانەی دەنگی كەمە ناتوانی كاندیدەكانی دەنگی تەواو بەدەست بهێنن؟
بەیان نوری: بەو شێوەیە نابێت، چونكە لەلیستی كراوەش هەموو دەنگەكان كۆ دەكرێتەوە، كاتێك كاندیدێك دەنگی تەواو بەدەست ناهێنێ، دەنگەكە بۆ لیستی حیزبەكە دەبێت، بۆیە لەوكاتەدا ئەوكاتەی كاندیدێك دەنگی تەواو بەدەست ناهێنێ، دەنگەكە بۆ كاندیدی یەكەمی لیستەكە دەڕوات.
سڤیل: باست لەوەكرد كە دیاركردنی كاندیدەكانتان لەڕێگەی رێكخستنەكانەوە دەبێت، ئایا بیرتان لەوە نەكردووە لیستەكەتان خەڵكی دەرەوەی یەكگرتووی تێدا بێت؟
بەیان نوری: راستە باسم لەڕێكخستن كرد، بەڵام ئەگەر هەركەس رازی بێت بەلیستەكەی ئێمە، بەخۆشحاڵیەوە لەناو لیستەكەمان دایدەنێین، بەمەرجێك مەرجەكانی كاندیدی تێدابێت.
سڤیل: ئەی لەدیاركردنی كاندیدەكانتان تاچەند پشت بەئافرەت و گەنجان دەبەستن؟
بەیان نوری: دەربارەی رێژەی ئافرەت، وەك لەیاساكەدا دیاركراوە، لە سێ كەس دەبێت كەسێك ئافرەت بێت، بۆیە ئێمەش پابەند دەبین.
سڤیل: سەبارەت بەلیستی هاوبەش ئایا چ باس و خواسێك كراوە، بەتایبەت وەك ئۆپۆزسیۆن؟
بەیان نوری: تا ئێستا بۆ لیستی هاوبەش دانیشتن نەكراوە، هەركات نزیكبووینەوە لەكاتی پێشكەشكردنی لیست، ئەوكات وەك سەركردایەتی یەكگرتوو كۆدەبینەوە لەسەر ئەوەی بەلیستی هاوبەش بەشداربین، یان بەتەنیا.
سڤیل: لەماوەی رابردوودا نزیكبوونەوەیەكتان هەبوو لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، ئایا بۆچی تائێستا یەكگرتوو ئامادەنیە لەگەڵ كۆمەڵ و بزوتنەوە، لیستی ئیسلامی دروست بكەن؟
بەیان نوری: وەك لایەنێكی ئیسلامی نزیكبوونەوەیەكی باشمان هەیە لەگەڵ كۆمەڵ و بزوتنەوە، بەڵام سەبارەت بەلیستی ئیسلامی پەیوەندی بەبڕیاری سەركردایەتی یەكگرتووەوە هەیە، دوای ئەوەی ڕاپرسی لەناو ڕێكسختنەكانمان ئەنجام دەدەین، بۆیە هەركات پێمان باش نەبووە بەشدار بین لەلیستی ئیسلامی، گوتومانە با ئیسلامی و عەلمانی لەكوردستان جیانەكەینەوەو دووبەرەیی دروست نەبێت.
سڤیل: زۆر لەحیزبەكان پێشبینیەكانیان بۆ دەنگەكانیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان رادەگەیەنن، ئێوە وەك یەكگرتوو پێشبینی چی دەكەن بۆ دەنگەكانتان؟
بەیان نوری: ئەو پێشبینیانە سەرجەمی حیزبەكان دەیكەن لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی 7/3 دەیكەن، بەڵام مەرج نییە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە وەك پێوەرێك دابنرێت بۆ دەنگەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە، كە یەكگرتوو لەهەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن رێژەی دەنگەكانی زیاتری كردووە، بۆیە پێشبینی دەكەین دەنگەكانمان لەهەڵبژاردنی 2010 زیاتربێت.
سڤیل: پارتی رایگەیاندووە، 40%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەدەست دەهێنن، یەكگرتوو چەند لەسەدی دەنگەكان بەدەست دەهێنێ؟
بەیان نوری: بارودۆخ لەگۆڕانكاریدایەو نۆ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەپێی خوێندنەوەكانمان رێژەی دەنگەكانمان لەزیادبووندایە، بەپێی سەیركردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 7/3 ڕێژەكەمان نزیك بە 12% بووە، بۆیە پێشبینی زیاتربوونی ئەو رێژەیە دەكەین لەهەڵبژاردنی داهاتوو.
سڤیل: واتە 12% دەنگەكانتان مسۆگەرە؟
بەیان نوری: بەڵێ 12% دەنگەكانمان مسۆگەرە، بەرەو زیاتریش دەچێت.
سڤیل: یەكگرتوو لەساڵانی رابردوو لەپێشەوەی كۆمەڵی ئیسلامی بوو، بەڵام لەدوو هەڵبژاردنی پێشوو كۆمەڵی ئیسلامی كەوتە پێشەوەی یەكگرتوو لەشاری هەولێر، ئایا هۆكاری زیادبوونی دەنگەكانی كۆمەڵ بۆچی دەگەڕێتەوە؟
بەیان نوری: لەهەولێر كۆمەڵ جەماوەری زیاتربووە، یەكگرتووش جەماوەری زیاتر بووە، بەڵام كۆمەڵ لەجەماوەری ئێمەی نەبردووە، پێمان خۆشە كۆمەڵ بەو شێوە زیاتربووە، بەڵام ئەوەش دیارە هەردووكمان دەنگەكانمان لەچاو هەڵبژاردنەكانی پێشوتر لەشاری هەولێر زیاتری كردووە، بۆیە بەدوای كەمبوونەوەی دەنگەكانمان نەگەڕاوین لەهەولێر، بەڵام بەپێی هەڵبژاردنەكانی پێشوو كۆمەڵ كەوتوەتە پێش یەكگرتوو لەڕووی جەماوەرییەوە، بەڵام یەكگرتووش لەگەشەسەندنی بەردەوام دایە لەهەولێر.
سڤیل: ئایا راپرسی و توێژینەوە لەبەردەستدا هەیە، كە ئاستی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چۆن دەبێت، بەوەی كە بتوانێت پارێزگایەك بەتەواوەتی كۆنترۆڵ بكات؟
بەیان نوری: تائێستا وەك توێژینەوە نەكراوە، بەڵام دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشوو لەناو پارێزگای سلێمانی ئەوەمان پێدەڵێت دەنگی ئۆپوزسیۆن لەناو سلێمانی لە دەنگی دەسەڵات زیاتر دەبێت.
سڤیل: رووداوەكانی دەڤەری بادینان تاچەند كاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی باڵانسی یەكگرتوو بەتایبەت لەدهۆك، بەشێوەیەكی گشتی لەسەر دەنگەكانی یەكگرتوو لە كوردستان؟
بەیان نوری: بەپێی ئەزمونەكانمان لەساڵی 2005 كاتێك بارەگاكانمان سوتێنرا، هاوسۆزی خەڵك زیاتری كرد بۆمان، كە ئەو زوڵمە بەرامبەر یەكگرتوو كرا، بۆیە لەدوای 2005 یەكگرتوو چالاكیەكانی زیاتری كردووە لەبادینان، ئێستاش بەدڵنیاییەوە هاوسۆزی و پاڵپشتی خەڵكی بادینان زیاتری كردووەو دەنگەكانی یەكگرتوو لەبادینان زیاتر دەبێت.
سڤیل: كاندیدی یەكگرتوو بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كێ دەبێت؟
بەیان نوری: تا ئێستا دیارینەكراوە، هەنگاوەكانمان ماویەتی بۆ دیاركردنی كاندیدەكان.
سڤیل: بەنیازنین بانگخوازەكانتان دیاریبكەن، چونكە زیاتر لەڕاگەیاندنەكانتان دەركەوتنیان هەیەو خاوەن نفوزی تایبەتن؟
بەیان نوری: مەرج نیە بەو شێوەیە بێت، چونكە لەسەر ئەساسی زۆری پاڵپشتی دانانرێت، بەڵكو لەسەر ئەساسی ئەوە دادەنرێت كێ دەتوانێت زۆرترین خزمەت بكات، بۆیە ئەوكات لەوانەیە بانگخوازیشی تێدابێت و خەڵكی دیكەش.
کۆمەڵی ئیسلامی بە پێش یەکگرتوو کەوتووە لەبەدەستهێنانی متمانەی جەماوەردا
0
Share.