جیهاد و تیرۆریزم، 15 ساڵی دوای 11ی سێپتامبەر

0

نوچەنێت

ئەم رۆژانە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەت لە ئەمریکا بیر لە کارەسات و رووداوە تیرۆرستییەکەی 11ی سێپتامبەری 2001 دەکەنەوە.

ژمارەی ئە وبنەماڵانەی کە راستەوخۆی لەم هێرشە تیرۆرستییەدا کەس یان کەسانێکیان لە دەستداوە، زیاتر لە 3 هەزار کەسە، بەڵام ئەم ژمارەیە تەنها لە رووی سیمبۆلیکەوە گرنگییان هەیە و زۆرن ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە بە هۆی رووداوەکەوە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوت، بەڵام دوای رووداوەکە و لە شوێنەکانی دیکەی جیهان بوونە ئامانجی هێرشە تیرۆرستییەکان.

ئەوەی لە 11ی سێپتامبەر روویدا، ئەوەی لەم 15 ساڵە روویدا، ناکرێ تەنها بە رۆژی 11ی سێپتامبەرەوە قەتیس بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێ بە پێوەرێکی جیهانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. روانینێک بۆ رابردوو نیشاندەدات، ئەوەی لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە لایەن 19 تیرۆرستەوە ئەنجام درا، دوای تێپەڕینی 15 سال، تێکڕای کۆمەڵگا پیشکەوتووەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کون و قوژبنەکانی سەر گۆی زەوی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

توندئاژۆ ئایینییەکان بەرەوڕووی ئەکتەرە سیاسییەکانی بوونەوە و بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە دژە تیرۆرستییەکانی وڵاتان سینگی خۆیان کردە قەڵغان و لە راستیدا خۆیان کردە ئامانج.

تیرۆرستەکان زۆر شێوازی نوێ و ئەمڕۆییان تاقی کردەوە، زیاتر لە هەموو کاتێک خۆیان لە خوێندا گەوزاند، کێشەکە لێرەدایە، هەمووان لە ژێر یەک ناو و یەک پاساودا شانیان وەبەر ئەم کارە داوە: ئایین و مەزهەب.

لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا هۆکارەکان و پاڵنەرەکانی تیرۆریزم گۆڕانکارییان بە سەرداهات، ئەم هۆکارانە بە کورتی لە بیرۆکە  و ئایدیای جیهاد و “قتال فی سبیل اللە” کۆدەبنەوە  و رەوڕەوی خۆیان دەپێون.

لە 2001 تیرۆرستان، ئیسلام و بیرۆکەی جیهاد، لە رێی ئیسلامیان کردە دەستمایەی کاروکردەوەی خۆیان. ئەم رەوتە کە پێشتر دەرئەنجامی تەعبیر و تێگەیشتنتێکی دیکە لە ئیسلام بوو، لە دەقە ئایینییەکان هەڵێنجرابوو. دەیان ساڵ پێشتر بەرامبەر بە داگیرکردنی خاکی ئەفغانستان وەک “دارالسلام” تاقی کرابووەوە و بە بیرۆکەی جیهاد بەرامبەر بە کۆمۆنیزم، بووە هۆی پاشەکشەی یەکێتی سۆڤییەتی جاران، واتە “دارلکفر”. لەو قۆناغەدا بیرۆکەکە لای ئیسلامییەکان بوو، بەڵام جێبەجێ کردنەکەی لە لایەن رۆژئاواوە بووە. کەڵک وەرگرتن لەم ئامرازانە سەرنجی”جیهادییەکان”ی بۆ لای بوونی وەها چەکێکی ئایدیۆلۆژی راکێشا، کە لە نمونەی ئەفغانستاندا سەرەکوتوو بوو.

بەڵام لە 11ی سێپتامبەر ئەم ئامرازە، بۆ بانگهێشت کردنی هێزە دەرەکییەکان بۆ داگیرکردنی خاکەکەیان کەڵکی لێ وەرگیرا. بیرۆکەی جیهاد داینامۆی تیرۆریزمی 11ی سێپتامبەر بوو، بەڵام هاوکات بووە هۆی لە ناوچوونی سەرجەم داڕێژەران و ئەنجامدەرانی پلانەکە. لە کاردانەوە بەم هێرشە تیرۆرستییە دابوو، کە جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، سەرەتا هێرشی کردە ئەفغانستان و دواتر عێراق.

فۆرمی ئێستای تیرۆریزم جۆرێکە لە جیهاد، کە گۆڕانکاری تەواوی بە سەردا هاتووە. بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی قاعیدە. دواتر ئەویە کە لە ژێر ناوی حکومەتی ئیسلامی یان داعش سەری هەڵدا، ئەمەش بەستەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی سوریا وعێراق. لەم رەوتە لە گۆڕانکاری چەند دیاردەیەکی دیکە سەری هەڵدا.

یەکەم: ئەوەی کە چەمک و بیرۆکەی”جیهاد” وەک بابەتێکی بنەڕەتی لە دەقەکانی ئیسلامی زیانێکی زۆری بەرکەوت و جیهادیسم یەکسان بوو بە تیرۆریزم، ئەمەش هەستیاری و کاردانەوەی توندی رۆژئاواییەکانی لە دژی ئیسلام بە دوای خۆیدا هێنا. رووداوە تیرۆرستییەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر ئەوروپا، نموونەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەم دیاردەیە.

دووهەم: موسوڵمانان لە سەرتاسەری جیهان کەوتنە ژیر زومی دام و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بۆ نمونە لە مەسلەی پەنابەری و کۆچبەری موسوڵمانان، بۆ ولاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکا، ئەم خاڵە زۆر زەق بۆتەوە. ئێستا سیمای رەحمانی ئیسلام جێگای خۆی داو بە سەرێکی بڕدراو، دراوسێی گومانی لە سەر دراوسێکەی هەیە و وێنەیەک کە لە ئیسلام وێنا دەکرێ، وێنەی تەقینەوە و خوێن و دووکەڵە.

سێهەم: سەرهەڵدانی شەری ئیسلام لە گەل ئیسلام لە ناوخۆی وڵاتانی ئیسلامی، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. بۆ نمونە شەڕی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە دژی حکومەتی سوریا، شەڕێک کە تیایدا قاعیدە، داعش، حوسییەکان، سعودیە و هاوپەیمانانی، ئێران و هاوپەیمانانی، بەریتانیا، ئەمریکا، چین و نەتەوەیەکگرتووەکان پێکەوە و لە دژی یەکتر شەڕ و ململانێی یەکتر دەکەن. شەڕی کە تیایدا یاساکانی جەنگ رەچاو ناکرێ، یاسا مرۆییەکانی جەنگ پێشێل دەکرێ، هیچ سنوورێک لە نێوان سەرباز و چەکدار و خەڵکی بێ تاوان و مەدەنی نابیندرێ. لە بنەرەتدا ناکرێ سنورێک لە نیوان “دارالسلام و دارالکفر” دابنرێ.

دوای 15 ساڵ

پازدە ساڵ، لە 11ی سێپتامبەر تێپەڕی، نە تەنها زلهێزەکانی جیهان ناتوانن بە رێگەی سەربازی و راستەوخۆ گروپە جیهادییەکان، ریشەکێش بکەن و کۆتایی بە دیاردەی نگریسی تیرۆریزم بێنن، خودی وڵاتانی ئیسلامیش ناتوانن ئایین و تیرۆریزم لێک جیا بکەنەوە. نموونەی هەرە زیندوو و دوایی شەڕی مەزهەبی نێوان سعودیە  و ئێرانە، هەر دوو لا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسلامی ئێمە لە ئیسلامی ئێوە ناچێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com