موجاهیدینی خەلقی ئێران: ئەنداممان لە عێراقدا نەماوە

0

نوچەنێت

تەواوی ئەندامی رێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران، عێراق-یان بەجێهێشت و لەکەمپێکی وڵاتی ئەلبانیا نیشتەجێ دەبن.

موجاهیدینی خەلق، لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، هاوکاری عێراقی کرد و هەروەها لە دژی راپەڕینی ساڵی 1991 باشووری کوردستان و باشووری عێراق لە لایەن رژێمی بەعسەوە بەکار دەهێنران.

لە راگەیێندراوێکدا رێکخراوی موجاهیدنی خەلق (ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران) بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی 9-9-2016 زیاتر لە 280 ئەندامی ئەو رێکخراوە، کە لە سەربازگەی لیبرتی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا نیشتەجێبوون، عێراقیان بەجێهیشت و بەمەش ئێستا عێراق خاڵییە لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە.

بەپێی رێککەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی 2 هەزار ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە سەر 12 وڵاتی ئەوروپی دابەشدەکرێن.

دوای دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و پێدانی 25 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری، ئەڵبانیا بە هاوئاهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەغدا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2014دا 600 ئەندامی موجاهیدنی خەلقی  گواستەوە و لە کەمپی تیرانا نیشتەجێی کردن.

رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران، یەکێکە لە دیارترین لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و لە ساڵی 1965 دامەزراوە و لەلایەن مەسعود رەجەوی رێبەرایەتی دەکرا، بەڵام لە دووساڵی رابردوودا دەنگۆی کوژرانی بڵاوبووەتەوە و ئێستا مەریەم رەجەوی هاوسەری مەسعود رەجەوی رێبەرایەتی دەکرێت، ئۆفیسی سەرەکی لە پاریسە و ئایدۆلۆژیاکەی “ئیشتراکی ئیسلامی، عەلمانی و دیموکراسییە”، لە ئەمریکا و ئەوروپا ئۆفیسی هەیە، لەدوای رووخانی حکومەتی بەعس، لە چەک داماڵدراون و دواتر لە سەربازگەی ئەشرەف لە پارێزگای دیالەوە بۆ سەربازگەی لیبرتی گواسترانەوە.

کەمپی لیبرتی زۆرجار لە لایەن میلیشیا شیعەکانی نزیک ئێرانەوە، بە موشەک هێرشی دەکرایە سەر و بەهۆیەوە 120 کەسیان کوژراون و هەزاری دیکەش برینداربوون، لە مانگی تەمموزی رابردووشدا بەهۆی ئەو هێرشانەوە 22 کەسیان برینداربوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com