نوچەنێت-ئاژانسەکان
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، هەڵوێست و لێدوانەکانی عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی دیکەی ئەم وڵاتە لە دژی سعودیەیان مەحکوم کردووە.
بە گوێرەی میدیاکان، کۆمکاری عەرەبی لێدوانەکانی خامنەیی بە شەرمیونانە وەسف کردووە. لە راگەیێندراوەکەی کۆمکاری عەرەبی جەخت کراوەتەوە، کە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی هیچ پەیوەندییەکی بە راستی و شای سعودیەوە نییە کە خزمەت بە موسوڵمانان دەکات.
لە راگەیێندراوەکە دا هەروەها هاتووە، نابێ ئەم لێدوان و رستانە لە زمانی رابەری وڵاتێکەوە بێتە دەر.
راگەیێندراوەکە جەختیشی کردۆتەوە، کە بە پێی لۆژیکی “رێزدانان بۆ وڵاتان” ئەوە تەنها سعودیەیە کە دەسەڵاتی رێکخستنی کاروباری حەج و خزمەت بە میوانانی خودای هەیە، بێ ئەوەی پێویست بە دەستوەردانی دەرەکی بکات.
هەر لەم پەیوەندییەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک کاردانەوە بەرامبەر بەم هەلوێستەی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاندووە، کە پشتگیری ئەم وڵاتانە بۆ سعودیە لە کورت ماوە دەبێتە هۆی ئەوە کە توشی سیاسەتی ناسەقامگیرانەی سعودیە ببن.