روسیا و ئەمریکا لە سەر سوریا گەیشتنە رێککەوتن

0

نوچەنێت

لە بارەی قەیرانی سووریا روسیا و ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتن، حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنەکەوە راگەیاند.

لە جنێڤ ئەمریکا و روسیا دوای کۆبوونەوەیان بە بەشداریی ستافان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە سەر پلانێکی ئاشتی لە بارەی سووریاوە گەیشتنە رێککەوتن، بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوولا سەنتەرێکی سەربازیی هاوبەش دادەمەزرێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و فەتحولشام لە سووریا.

هەروەها حکومەتی سووریا دەبێت کۆتایی بە هێرش و بۆردوومانەکانی بهێنێت بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە چەکدارانی سەر بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لێیە، لەوانە حەلەب، هەر بە پێی پلانەکە، دەبێت حکومەتی سووریا گەمارۆی سەر هەموو ئەو ناوچانە هەڵبگرێت کە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و تاوەکو ئێستا حکومەت رێگر بووە لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.

هەر بە پێی ئەو رێککەوتنە، پلانەکە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 12ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها داوا لە حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش کراوە کە پابەندبن بەو رێککەوتنەوە، بە گوتەی جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئۆپۆزیسیۆن رازین بەو رێککەوتنە، کێری لە بارەی حکومەتی سووریاشەوە رایگەیاند، روسیا حكومەتی سوریای لە بارەی رێککەوتنەکە ئاگادار کردووەتەوە و دیمەشقیش بەڵێنی داوە پابەندی پلانەکە بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com