نوچەنێت-ئاژانسەکان
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە وتارێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا دەبێ دەسەڵات بە جێ بهێڵێت و هاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە نابێ هەڵەکانی عێراق لە سوریا دووبارە ببنەوە.
بۆریس جانسۆن، لەم گوتارەیدا، کە لە رۆژنامەی تایمز بڵاو بۆتەوە دەڵێت: بەشار ئەسەد دەبێ دەسەڵات بە جێ بهێڵێت، ئەمەش پێش بە سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کێشەی دیکە دەگرێ، هەر وەک چۆن لە دوای رووخانی رژێمی بەعس و کەوتنی سەدام حسێن لە عێراق روویاندا.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بەرەبەری دیدار و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا گوتوویەتی “بۆ ئەوەی لە بارەی سوریاوە بگەینە چارەسەرێکی گونجاو، نابێ هەڵەکانی شەڕی 2003ی عێراق لە سوریا، دووبارە ببنەوە.
ئەم لێدوانانەی جانسۆن، لە دوای کۆبوونەوەی لەندەن لە رۆژنامەی تایمز بڵاو بۆتەوە، کۆبوونەوەیەک کە تایبەت کرابوو بە لایەنەکانی دژبەری ئەسەد. پێدەچێت لەم دانیشتنەدا چوارچێوەی ئینتقالی سیاسی لە سوریا دیاری بکرێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە درێژەدا دەڵێت: پێشنیارەکانی تایبەت کە ئینتقالی سیاسی لە سوریا نابێ ببێتە هۆی تێکدانی پێکهاتەکانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە، ئەمە هەمان ئەو هەڵەیە کە لە عێراق روویدا و نابێ دووبارە ببێتەوە.
جانسۆن ئەوەش دەخاتەڕوو، کە بەرنامەکانی پەیوەندیدار بە ئینتقالی سیاسی، بریتی دەبێ لە وتووێژی شەش مانگە، لە نێوان دەوڵەتی دیمەشق و ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە. لە 18 مانگی دواتردا، سوریا لە لایەن دەوڵەتێکی ئینتقالیەوە ئیدارە دەکرێت، کە لە ئەندامانی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن، نوێنەرانی دەوڵەتی ئێستای سوریا و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکدێن.