نوچەنێت-قطرە
کەناڵی ئەلجەزیرە شەوی رابردوو لە هەواڵێکدا رایگەیاند، کە بە پێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی روسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و جۆن کێری، وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی سێپتامبەر وتووێژەکانی تایبەت بە قەیرانی سوریا لە شاری جنێف دەست پێدەکەنەوە.
لەم پەیوەندییەدا کەناڵی (ئاڕ.تی) عەرەبی، بە گێڕانەوە لە ئاژانسی هەواڵنێری فەرمی ئەم وڵاتە(TASS) رایگەیاندووە، کە کێری و لاڤرۆف لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەبارەت بە باس و گفتوگۆ دەربارەی دۆسیەی سوریا، لە ماوەی رۆژانی 8 و 9ی سێپتامبەر (ئەمڕۆ و سبەی) رێککەوتوون.
بە پێێ ئەم راپۆرتە، وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەم بارەیەوە رایگەیاندووە، کە وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و روسیا، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا، وردەکارییەکانی هاوکاری دوو وڵات، لە بارەی بەرەنگاربوونەیان لە گەڵ گروپە تیرۆرستییەکانی چالاک لە سوریا و، هەروەها گەیاندنی یارمەتی مرۆڤدۆستانە و دەستپێکی پرۆسەی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی سوریا-یان تاوتوێ کردووە.