نوچەنێت-بازتاب
عادل جەبیر، وەزیری کاروباری دەرەوەی سعودیە دەڵێت: حوسییەکان کەمینەیەکی یەمەنن و ئێمەش رێگەیان پێنادەین دەسەڵاتی زۆرینە بە دەستەوە بگرن.
جەبیر جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە ریگە نادەن ئەزمونی حزبوڵڵای لوبنان لە یەمەن دووبارە ببێتەوە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ناردنی هێزی سەربازی ئەم وڵاتە بۆ یەمەن بە پێی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە، کە لە لەندەن بەشداری کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی بوو گوتی، ئێران داڵدەی تیرۆرستان دەدات و هەوڵی دروستکردنی ئیمپراتورییەتی فارس دەدات. ئەم بەرپرسەی سعودیە دەشڵیت: ئێران بۆ تێکدانی کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و هەناردە کردنی شۆڕشەکەی هەنگاو دەنێ، ئێمەش رێگە بەم جۆرە هەنگاوانە نادەین و بۆ دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی خۆمان و هاووڵاتیانمان تێدەکۆشین.
جەبیر، ئیران بەوە تۆمەتبار دەکات، سەرباری ئەوەی کە سعودیە دەرگای حەجی بە رووی زیارەتکارانی ئێرانیدا کردۆتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێران پاشەکشەی لەو وتووێژانە کرد، کە بۆ ئەم بابەتە رێکخرابوو.
سەبارەت بە دۆخی سوریا جەبیر گوتی: هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە سوریا، دەبێ بە پێی بڕیارەکانی جنێف و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت.