نوچەنێت
رێکخراوی یۆنیسێف لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بۆ ساڵی 2015 کە لە ژێر ناوی”قەیرانی روو لە زیادبووی منداڵانی کۆچبەر و پەنابەر” بڵاو بۆتەوە، دەڵێت: زیاتر لە 28 ملیۆن منداڵ، لە سەرتاسەری جیهان بە هۆی شەڕ و ململانێی سەربازی و سیاسییەوە ئاوارە بوونە و لە گەڵ مەترسی کوشتن، مەرگ، دەستدرێژی و قاچاخ بەرەوڕوون.
بە پێی راپۆرەتەکی یۆنیسێف، کە رۆژی سێشەممە 6ی سێپتامبەر، بڵاو بۆتەوە، بە هۆی شەڕ و قەیرانی سەربازییەوە نزیک بە 50 ملیۆن منداڵ لە سەرتاسەری جیهان ئاوارە بوونە. زیاتر لە نیوەی ئەم منداڵانە کە نزیک بە 28 ملیۆن کەسە، ئەو کچ و کوڕانەن، کە بە هۆی مەترسی لە رادەبەدەر ئاوارە بوون.
لە هەمان کاتدا، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە تاقی تەنها سنوری وڵاتانی خۆیانیان تێپەڕاندووە، رووی لە زیاد بوونە. لە ساڵی 2015 زیاتر لە 100 هەزار منداڵ، لە 78 وڵاتی جیهان داوای پەنابەرییان کردووە. بە گوێرەی تۆڕەی زانیاری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەم ژمارەیە سێ ئەوەندەی ئەو رێژەیە، کە لە ساڵی 2014 داوای پەنابەرییان کردووە.
لە رووی جوگرافییەوە، تورکیا زۆرترین رێژەی پەنابەران و رەنگە زۆرترین ژمارەی منداڵانی پەنابەری لە خۆدا جێکردۆتەوە. بە پێی ژمارەی دانیشتوانی ولاتان، لوبنان زۆرتری رێژەی ئاوارەی هەیە، واتە لە هەر 5 کەسی لوبنانی یەک کەسیان پەنابەرن.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە رێژەیەکی زۆری لە مندالانی ئاوارەی تۆمار کردووە، کە نزیک بە زۆربەیان منداڵانی ئەفغانین.
سوریا و ئەفغانستان، لە ساڵی 2015 لە سەرووی وڵاتانی ئاسیاییدا بوون، کە زۆرترین رێژەی پەنابەریان هەبووە، بە جۆرێک کە نیوەی زیاتریان تەمەنیان لە خوارەوەی 18 ساڵ بووە. رێژەیەکی بەرچاوی پەنابەرانی پاکستانی تەمەنیان لە ژێرەوەی 18 ساڵ بووە.
سوریا بە تەنها نزیک بە 5 ملیۆن ئاوارەی لە دەرەوەی سنوورەکای خۆی هەیە، بە گوتەی یۆنیسێف، نیوەی مندالآنی پەنابەری سوری، لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێ کراون. منداڵانی ئاوارەی سوری، لە ناوخۆ و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە، لە ژێر ئازاری جۆربەجۆردان، بۆ نمونە، بە کارهێنایان وەک هێزی چەکدار، هاوسەرگیری لە تەمەنی هەرە کەم و بێگاری و دەسترێژی و …هتد.
بە گوتەی یۆنیسێف، شەڕ و قەیرانە سەربازییەکان، سەرەکیترین هۆکارەکانی ئاوارەبوونی منداڵانن. لە راپۆرتەکەی یۆنیسێف بۆ ساڵی 2015 هاتووە، 6.6 ملیۆن منداڵ لە سوریا، 3.3 ملیۆن کەس لە عێراق، 2.5 ملیۆن کەس لە یەمەن، ئەفغانستان، تورکیا، میانمار و هێند، لە ریزی دواتردان. یۆنیسێف هەروەها دەڵێت:90%ی کۆی پەنابرانی ئاسیایی، لە خۆدی کیشوەری ئاسیا، جێگەی نیشتەجێبونیان بۆ دابینکراوە.
منداڵان، یەک لە سەر سێی ئەو پەنابەرانە پێکدێنن کە لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2016 چوونەتە ئەوروپا. بە تایبەت منداڵانی سوریا، عێراق، ئێران یان ئەفغانستان. لە کیشوەری ئاسیا ئێرانییەکان 3%ی ئەو پەنابەرانە پێکدێنن کە چوونەتە یۆنان.
یۆنیسێف لە راپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە، کە کۆچبەری دەتوانێ دۆخێکی گونجاو بخاتە بەردەم پەنابەران تاوەکوو ژیانێکی ئاسودەیان هەبێت. بە گوتەی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە، ئەو منداڵە ئاوارانەی کە بەڵگەی یاساییان نییە، زۆرتر دەکەونە بەر هەڕەشە و مەترسی، لەوانە دەست رانەگەیشتنیان بە ئیمکاناتی پەروەردە و فێر کردن و تەندروستی.