حەج، دەستمایەی شەڕی مەزهەبی لە نێوان ئێران و سعودیە

0

نوچەنێت

رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەبەرەی رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، وێڕای ئاماژەدان بە نەچوونی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ سعودیە، جەختی لەوە کردەوە، کە جیهانی ئیسلام نابێ رەفتار و هەڵسوکەوتی زۆردارانەی سعویە قبوڵ بکات، هەر بۆیە دەبێ بیرێک بۆ ئەم مەسەلەیە بکاتەوە.

پەیامی توندی عەلی خامنەیی، لە پەیوەندی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە، لە کاتێکدایە کە سعودیە، نە تەنها رێگەی بە زیارەتکارانی ئێرانی نەداوە بەشداری لە رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵدا بکەن، بەڵکو بە کردەوە ئیمکانی بەدواداچوون بۆ رووداەکەی مینای نەدا، کە لە ساڵی رابردوو ژمارەیەکی بەرچاو لە زیارەتکارانی ئێران گیانیان لە دەستدا.

عەلی خامنەیی، لە گوتارەکەیدا جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەسەڵاتدارانی سعودیە لە رێگەی بە سیاسی کردنی حەجەوە،خۆی تا ئاستی شەیتانی بچووک دابەزاندووە و نیگەرانی کەوتنە مەترسی بەرژەوەندییەکانی شەیتانی گەورەن، کە لێرەدا مەبەستی ئەمریکا بوو.

خامنەیی، لە بەشێک لە پەیامەکەیدا گوتی، ئەوانەی کە حەجیان کردووە بە سەفەریکی زیارەتی و سیاحەتی و لە رێگەی بە سیاسی کردنی حەجەوە، ژێر بە ژێر دوژمنایەتی میللەتی باوەڕمەند و شۆڕشگێری ئێران دەکەن، کۆمەڵێک شەیتانی سووک و چرووکن، کە ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەوێتە مەترسییەوە.

خامنه‌یی له‌ به‌یاننامەکە‌یدا رۆژی دووشه‌ممەی رابردوو رایگه‌یاند “پێویسته‌ جیهانی ئێسلامی حاكمه‌كانی سعودیه‌ بناسن و راستییه‌كان بزانن” داواشی له‌ موسڵمانان كرد، دووباره‌ به‌ جددی بیر بكه‌نه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر دوو حه‌ره‌می پیرۆز و بابه‌تی حه‌ج، به‌ هۆی مامه‌ڵه‌ی ناته‌ندروستیان له‌ به‌رامبه‌ر میوانانی خوا.

رابەری کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا ئەم هەڵوێستەی وەرگرتووە، کە ناکۆکی و تەنگژەی نیوان ئێران و سعودیە، لەم رۆژانەی دوایی گەیشتۆتە لووتکەی خۆی. بەرپرسانی رێکخراوی حەج و ئەوقافی ئێران جەختیان لەو ەکردۆتەوە، کە بە مەبەستی پاراستنی کەرامەتی مرۆیی زیارەتکارانی ئێرانی، مەرجەکانی سعودیە بۆ ناردنی زیارەتکارانی حەج قبووڵ ناکەن، هەر بۆیە رێگەیان پێنەداون بچنە حەج.

خامنەیی هەروەها بە ئاماژە دان بەوەی کە سعودیە رێگەی حەجی زیارەتکارانی ئێرانی بەربەست کردووە،گوتی “ئەو حاکمانەی کە رێگەی حەجیان بەربەست کردووە، کۆمەڵیک کەسی رووڕەشی بەلاڕێداچوون”.

بەرامبەر بەم لێدوانەی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، شازادە محەممەد بن نایف بن عەبدولعەزیز، جێنشینی یەكەم و جێگری یەكەمی سەرۆكوەزیران و وەزیری ناوخۆی سعودیە  کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای حەجی ئەم وڵاتەیە، دەڵێت “ئێران هەوڵی بە سیاسی کردنی حەج دەدات و ئەوەی کە میدیاکانی ئێران و بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە بارەی حەجەوە دەدوێن، دوورە لە راستییەو”.

جێنشینی یەكەم و جێگری یەكەمی سەرۆكوەزیران و وەزیری ناوخۆ و جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەن ئێرانی و نائێرانی، بە پێچەوانەی رێوشوێنەکانی رێوڕەسمی حەج بجووڵێنەوە و ببنە هۆی تێکدان و بردنە ژێر پرسیاری ئەمن و ئاسایشی حەج و زیارەتکاران.

ئەم بەرپرسەی سعودیە گوتیشێ، کە ئەوە باڵەکانی ناوخۆی دەسەڵاتی ئێرانین، کە هەوڵی بە سیاسی کردنی رێوڕەسمی حەج دەدەن. هەروەها ئەنساروڵڵای یەمەنی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە بۆ هاتنی زیارەتکارانی یەمەنی و بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمەکانی حەج بەربەست ساز دەکەن.

لە درێژەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە یەکتر، موفتی گشتی سعودیه‌ و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌وره‌ زانایانی سعودیه،‌ شێخ عه‌بدولعه‌زیز ئال ئه‌لشێخ ره‌خنه‌ی توندی ئاراسته‌ی رژێمی ئێران كرد، له‌ وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، كه‌ تیایدا هێرشی كردبووه‌ سه‌ر سعودیه‌ له‌ سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی حه‌ج.

ئال شێخ له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی مه‌ككه‌ی سعودیه‌ گوتبووی، ئه‌وه‌ی كه‌ خامنه‌یی و رژێمی ئێران گوتوویانه‌ و كردوویانه،‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌.

هه‌روه‌ها گوتی “پێویسته‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ ئه‌وان موسڵمان نین، ئه‌وان نه‌وه‌ی مه‌جوسن و دوژمانه‌یەتییان له‌ گه‌ڵ موسڵمانان مێژووییه‌، به‌ تایبه‌ت له ‌گه‌ڵ سوننه‌كان”.

لە نوێترین و دوایین کاردانەوەی بەرپرسانی ئایینی و سیاسی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرامبەر بە لێدوانی موفتی گەورەی سعودیە، هەلوێستی وەرگرتووە و دەڵێت “ئیسلامی ئێرانییەکان هیچ وێکچوونێکی لە گەڵ توندڕەوی موفتی وەهابی سعودیە نییە”.

رۆژێک دوای ئەم لێدوانەی موفتی گشتیی سعودیە، جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی سێشەممە  لە تویتێکدا نووسیویەتی، هیچ وێکچوونێک لە نێوان ئیسلامی ئێرانییەکان و زۆربەی موسوڵمانان لە گەڵ ئەو ئیسلامە توندڕەوانەی کە موفتی گشتی وەهابی و دەسەڵاتدارانی سعودیە بانگەشەی بۆ دکەەن، بوونی نییە.

ساڵی رابردوو بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاند، کە زیاتر لە 2000 زیارەتکار بە هۆی رووداوی کارەساتباری رێوڕەسمی حەجی 2015 گیانیان لە دەستداوە، کە لەم ژمارەیە 400 کەسیان زیارەتکارانی ئێرانین. کۆماری ئیسلامی هەر ئەو کات بەرپرسانی سعودیەی بە هۆکاری سەرەکی ئەم رووداوە ناوبرد.

دەبێ چاوەڕوان بین، لە رۆژانی داهاتوودا ئاراستەی ئەم تەنگژە و ئاڵۆزیانە بەرەو کوێ دەچێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com