بنەماڵەی قەزافی حکومەتی کاتی لەمەنفا رادەگەیەنن
نوچەنێت
ئالان عومەر. ئاژانسەکان
بەپێی هەواڵی رادیۆ FM رادیۆی مقاوەمەی لیبیا، بنەماڵەی قەزافی سەرقاڵی راگەیاندنی حکومەتی کاتی لیبیان لەمەنفا، بۆ رێکخستنەوەی لایەنگرانیان لە ناوەوەی وڵات و بەدەستهێناوەی پشتیوانی دەرەوە بۆ جارێکی تر بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا.
رادیۆ FM، رادیۆی مقاوەمەی لیبیا رایگەیاند. ساعدی موعەمەر قەزافی و عائیشە قەزافی بەهاوکاری هۆزەکانی ناوخۆی لیبیا، ئامادەیی تەواویان کردووە بۆ راگەیاندنی حکومەتێک لەمەنفاو بڕیاریشە ناوی حکومەتەکەو ئایدۆلۆژیا و ئاراستەی کاریان لەبەیاننامەیەکدا رابەگەیەنن، بەپێی زانیارییەکانی ئەو رادیۆ، ئەو حکومەتە کاتییەی کە بۆ لیبیای رایدەگەیەنن. لەچەند وەزارەتێک پێکدێت، ساعیدی قەزافی سەرۆکایەتی حکومەتەکە دەکات تا یەکلابوونەوەی چارەنوسی سيف الإسلام کوری قەزافی، د. عائیشە قەزافیش بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی هەردوو وەزیری دەرەوەو راگەیاندن لە ئەستۆ دەگرێت و بەشێکی تری پۆستەکانی حکومەتەکەیان بۆ کەسایەتیەکانی ناوخۆی لیبیا لە رۆشنبیرو هۆزە ناودارەکان دەبێت بەشێوەیەک کە لەم کاتەدا ناوەکانیان راناگەیەنرێت.
لەهەواڵەکەی رادیۆی مقاوەمەی لیبیا هاتووە، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم حکومەتە لەم کاتەدا رێکخستنی لایەنگرانی قەزافی و خەڵکی لیبیایە لەناوخۆی وڵات و جاریکی تریش بەدەستهێنانەوەی پشتیوانی دەرەوەیە بۆ ئەو حکومەتە نوێیە. ئەویش لەکاتێکدا کە بەپێی قسەی رادیۆکە، زۆرێک لەوڵاتانی دنیا بەماوەیەکی کورت هاتنە سەر ئەو بڕوایەی کە سەرانی تازەی حکومەت کارەسات رووبەڕووی لیبیاو هەموو خەڵکی ناوەچەکەش دەکەنەوە. بەپێی هەواڵەکانی ئەو رادیۆ رۆژانە شەڕوو پێکدادان لەناو شارەکانی لیبا بەشیوەی پێچڕ پچڕ بەردەوامی پێدەدرێت، دوێنێش لایەنگرانی قەزافی هەڵیانکوتاوەتە سەر قوتابخانەی {ثانوية الوحدة} لە مصراتة کە کراوەتە زیندان بۆ لایەنگرانی قەزافی و سەرجەم زیندانییەکانیان ئازادکردووە.
سەرچاوەیەکیش لە هۆزی زنتان بە رادیۆکەی راگەیاندووە، کە هۆزەکەیان بەدڵ و بەگیان لەگەڵ سيف الإسلام دەبن و خەڵکی لیبیا لەو بێهۆشییە خەبەر دەکەنەوە.