ئەمریکای ئۆباما و ئەمریکای کلینتۆن

0

نوچەنێت

کارناسان و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە واشنتۆن دەڵێن، بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئێران، لە لایەن روسیاوە بە زەبر لێدان لەو هێز و لایەنانەی کە بەرەنگاری رژێمی سوریا بوونەتەوە، دەوڵەتی ئەمریکا بە تەواوی راچڵەکاند. هەر چەند تاوەکو ئێستا هەنگاوە هاوبەشەکانی ئێران و روسیا، کاریگەرییەکی ئەوتۆی بە سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییانە ئەمریکا لە ناوچەکە نەبووە، بەڵام لە خۆیدا هەڵگری پەیامێکی روونبوو بۆ ئەمریکییەکان.

جموجۆڵی نوێی روسیا و ئێران، بە روونی دەریخست کە میحوەر و هاوپەیمانییەکی نوێ و دیاریکراو لە نێوان ئێران، روسیا و رژێمی بەشار ئەسەد پێکهاتووە. سەرچاوەکانی ئاگادار با س لەوە دەکەن، کە دەوڵەتی ئەمریکا و ئۆبامای سەرۆکی ئەم وڵاتە، لەوەی کە ئێران بە ئاشکرا چووەتە ناو هاوپەیمانیەتییەکی سەربازی و بنکە سەربازییەکانی خۆی دەخاتە خزمەت روسیاوە، تووشی سەرسووڕمان بوون.

سیاسییەکانی واشنتۆن بە تایبەت لایەنگرانی ئۆباما پێیان وایە، کە دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، ئەگەر ببێتە بەربەست لە بەردەم لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات(کە تا ئێستا نەبووە)، دەستکەوتێکی ئەتۆی بۆ مۆسکۆ بەدواوە نەبووە. سەرباری کۆنتڕۆڵکردنەوەی چەند شار و ناوچەیەک لە سوریا و کاولکاری بەربڵاو، دیسانەوە بۆچوونی ئەمریکا گۆڕانگاری بە سەردا نایەت و ئەمریکا، تا سەر بەرەنگاری ئەم دۆخە دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانانی واشنتۆن پێێان وابێت کە جموجۆڵەکانی ئەمریکا، وەڵامدەری دۆخەکە نییە.

پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، ئەگەر هێلاری کلینتۆن ببێتە براوەی هەڵبژاردەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا چی روو دەدات؟ بەدواداچوون بۆ هەڵوێستی میدیایی کلینتۆن تا رادەیەکی زۆر سیاسەت و ئەجێندای ناوبراو دەخاتەڕوو.

شارەزایان و چاودێرانی سیاسی دەڵێن هیلاری کلینتۆن، لە ئەگەری سەرکەوتن و گەیشتنی بە کۆشکی سپی، هێزی سەربازی زۆرتر بە مەبەستی یارمەتی کردنی ئەمریکا و دۆستەکانی رەوانەی ناوچەکە دەکات. سەرباری ئەمەش رەنگە بۆ ئەم مەبەستە، چەترێکی پشتیوانی ئاسمانی دابین بکات.

کوردەکان وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا چالاکی شوێندانەر و ئەرێنییان هەبووە. بۆ هەر ئەجێندایەکی سەربازی بە تایبەتی کە پەیوەندی بە هەلومەرجی موسڵ و ژینگەی دەورووبەرەوە هەبێت، بە باشی دەچنە پیش، ئەمانە هەمووی دەستپێکێکی باشە بۆ دەستپێکی تر، واتە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە موسڵ و شەڕی داعش.

باوەڕێکی گشتیی هەیە کە ئەمریکا، مەیل و هۆگرییەکی تەواوی هەیە، کە کوردەکان موسڵ ئازاد بکەن، نەک دەوڵەت و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کە بەستراوە بە ئێران و لە ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێراندان.

هەموو نیگاکان  رووی لە کاروکردەوەی ئێران  و عێراقە لە مانگەکانی داهاتوودا. ئەگەر ئەمریکا بگاتە ئە وئەنجامەی کە چەترێکی ئاسمانی بۆ پشتیوانی لە بنکەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان دابین بکات، مانای وایە کە ئەمریکا لە تاران و بەغدا نائومێد بووە.

سیاسیەکانی ئەمریکا پێشیان وایە، کە هاوپەیمانی تاران و مۆسکۆ ئامانجی هیشتنەوەی ئەسەد و رژێمەکەی لە سەر دەسەڵات لە پشتەوەیە. چونکە بە کەوتنی ئەسەد تووشی زیان و تێچوویەکی زۆر دەبن. لەم نێوەدا گەورەترین دۆڕاوی کەوتنی ئەسەد، حزبوڵڵای لوبنانە، کە گرنگترین پشتیوانی خۆی لە دەستدەدات و رۆڵی لە سوریا، لوبنان و بە گشتی لە ناوچەکە لاواز و کەم رەنگ دەبێتەوە.

باراک ئۆباما، کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی رووی لە کۆتاییە، لە سیاسەتەکانی خۆی لە سوریا و بە گشتیی ناوچەکە بەردەوام دەبێت. ئۆباما و زۆرێک لە لایەنگرانی پێیان وایە، کە ئەمریکا تا رادەیەک لە ناوچەکە دەستکەوتی هەبووە و لەم بارەیەوە بەردەوامە. بەم حاڵەشەوە ئەگەر کلینتۆن ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکان، سیاسەتەکانی واشنتۆن گۆڕانی بە سەردا دێت. ئەمریکای کلینتۆن بە پێچەوانەی ئەمریکای ئۆباما، سیاسەتی دەستوەردانی زۆرتر و کاریگەرتر لە سوریا و باقی ناوچەکە دەگرێتە بەر. سیاسەتێک کە بەهێزتر و چالاکتر و رەنگە توندوتیژتریش بێت.

ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم ئەجێندایە، شتێک نییە بێجگە لە شکستهێنانی پوتین لە راکێشانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. تەنها شتێک کە تاوەکو ئێستا روونە ئەوەیە کە هیچ کام لە دەوروبەرەکانی کلینتۆن لە گەڵ مانەوەی بەشار ئەسەد و گروپەکەی لە سەر دەسەڵات نین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com