نوچەنێت-ئاژانسەکان
رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەبەرەی رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، وێڕای ئاماژەدان بە نەچوونی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ سعودیە، جەختی لەوە کردەوە، کە جیهانی ئیسلام نابێ رەفتار و هەڵسوکەوتی زۆردارانەی سعویە قبوڵ بکات، هەر بۆیە دەبێ بیرێک بۆ ئەم مەسەلەیە بکاتەوە.
پەیامی توندی عەلی خامنەیی، لە پەیوەندی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە، لە کاتێکدایە کە سعودیە نە تەنها رێگەی بە زیارەتکارانی ئێرانی نەداوە بەشداری لە رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵدا بکەن، بەڵکو بە کردەوە ئیمکانی بەدواداچوون بۆ رووداەکەی مینا نەدا، کە لە ساڵی رابردوو ژمارەیەکی بەرچاو لە زیارەتکارانی ئێران گیانیان لە دەستدا.
خامنەیی، لە بەشێک لە پەیامەکەیدا گوتی: ئەوانەی کە حەجیان کردووە بە سەفەریکی زیارەتی و سیاحەتی و لە رێگەی بە سیاسی کردنی حەجەوە، ژێر بە ژێر دوژمنایەتی میللەتی باوەڕمەند و شۆڕشگێری ئێران دەکەن، کۆمەڵێک شەیتانی سووک و چرووکن، کە ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەوێتە مەترسییەوە.
رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەڵاتدارانی سعودیە بە کۆمەڵێک کەسی بەلاڕێداچووی روو رەش وەسفدەکات و راشیگەیاند، کە لە پێناو هاوپەیمانێتی لە گەڵ سەهیۆنیزم و ئەمریکا ئامادەن دەست بدەنە هەموو خیانەتێک.