نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت،لە كەركوك لە گەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان كۆبووینەوە و داوامان كردووە بە هەموو شێوەیەك ماددەی 23 رەتبكرێتەوە.
حکومەتی بەغدا دەیهەوێت کار بە ماددەی 23 بکات کە، هەوڵ دەدرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە شاری كەركوك ئەنجام نەدرێت، فراكسۆنە كوردییەكانیش لە بەغدا، لە هەوڵی ئەوەدان كە پرۆژە یاسا ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی كەركوك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بێ بەش نەبێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی زەرد، سەبارەت بە كۆبونەوەی ئەمرۆی فراكسۆنی پارتی لە كەركوك رایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە فراكسیۆنی سەوز لە شاری كەركوك كۆبونەوە لە گەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان، بەڵام بەداخەوە ئەوان بە تەنها كۆبوونەوە و پڕۆژەیان هەبوو، ئێمەش ئەمرۆ وەك فراكسۆنی پارتی لە شاری كەركوك كۆبۆینەوە پرۆژەیەكمان ئامادە كردووە لە گەڵ لایەنە سیاسییەكان تاوتۆێمان كرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، مەسەلەی كەركوك تایبەتە بۆ ئەوەی فرەدەنگی دروست نەبێت، بریاڕدرا لە چەند رۆژی داهاتوو هەر دوو پڕۆژەكەی ئێمە و یەكێتی بكرێتە پڕۆژەیەكی كورت و لە گەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبینەوە و پرۆژەكە تاوتۆی بكەین.
ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاماژە بەوە دەدات، خاڵی پڕۆژەكانمان لە یەك نزیكە، بەڵام ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ داوامان كردووە، كە بە هەموو شێوەیەك ماددەی 23 رەتبكرێتەوە، بەڵام پڕۆژەكەی یەكێتی داوای كردووە ئەو ماددەیە بمێنێت.