نوچەنێت-شفقنا
کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە ئەبو بەکر بەغدادی خەریکی هەڵسەنگاندنی کاندیداکانی جێگرەوەی ئەبو محەممەد عەدنانی، گوتەبێژی ئەم گروپەیە کە لە رۆژانەی رابردوو بە هۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە لە سوریا کوژرا.
رۆژنامەی ساندی تایمز، لیستێکی کورتی کاندیداکانی جێگرەوەی عەدنانی بڵاو کردۆتەوە، کە لە سەرووی هەموویانەوە ناوی کەسانێک وەک «ترکی البن علی» بەحرەینی و«علی موسی الشواخ» ( ابولقمان) سوری دەبیندرێ.
تورکی تەمەنی 32 ساڵە و بە یەکێ لە سەرەکیترین تیوریسیەنەکانی داعش ناسراوە. تورکی هەمان ئەو کەسەیە کە لە بڕیارێکدا دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی دیلی ئێزیدی بە کارێکی رەوا زانیوە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە، البن علی وەک یەکێک لە راوێژکارانی شەرعی داعش، پلەیەی بەرزی هەیە، بە رادەیەک کە زۆر جار بە موفتی داعش ناوی دەبەن.
ئەبو لوقمانی سوری، تەمەنی 43 سالە و یەکەم حاکمی رەقە بووە، لە دوای داگیرکردنی لە لایەن داعشەوە. دەگوترێ چاودێری بازرگانی نەوتی داعشە.
تا وەکوو ئێستا چەندینجار هەواڵی کوژرانی ناوبراو بڵاو بۆتەوە، بەڵام هیچ کات پشت ڕاست نەکراوەتەوە. دەنگوی ئەوە هەیە کە لە لایەن ئەندامێکی لیبیایی داعشەوە، بە هۆی بەد رەفتاری ناوبراوەوە، هێرش کرابیتە سەری و بریندار بووبێت.
ئەبو لوقمان، یەکێک لە فەرماندە بەناوبانگەکانی ریزەکانی داعش، کە کاروباری ئەندامگیری بۆ ئەم گروپەی لە ئەستۆیە.
کولێن کلارک، شارەزا لە بواری تیرۆریزم لە ئەنیستیتۆی ئەمریکایی راند، لەم بارەوە دەڵێت: زۆر دژوارە کەسێک بە تاقی تەنها بتوانێ کاروبار و بەرپرسیاریەتییەکانی عەدنانی راپەرێنێت.
بە گوێرەی ساندی تایمز، هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکانی کاندیداکان لە لایەن بەغدادییەوە بەردەوامە و پێدەچێت بەرپرسیاریەتییەکانی عەدنانی بە سەر چەند کەسدا دابەش بکرێت.