نوچە-دەنگی ئەمریکا
ئەنجومەنی نەتەوەیی بەرگری، باڵی سیاسی رێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران دەڵێت، بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستدایە، ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو بەشداری شەڕی ناوخۆی سوریا-یە.
ماڵپەڕی”میل ئۆنلاین”ی بەریتانی بە گێڕانەوە لەم رێکخراوە دەڵێت: بینایەکی پێنج نهۆمی شوشەیی لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق مەرکەزی فەرماندەیی و دژە زانیاری و پڕوپاگاندەی ئێرانە لەم وڵاتە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە: ئەم بینایە کە ١٨٠ ژووری هەیە، لە لایەن سەربازانی ئێرانییەوە دەپارێزرێ ونزیکەی ١٠٠٠ کەس لە ئەندامانی سوپای ئێران تیایدا خەریکی کاروچالاکین.
موجاهینی خەڵک ئاشکرای دەکات، کە ئەم بینایە نوێژخانە و کلینیکێکی ٢٠ تەختی هەیە، تایبەتە بە پێڕاگەیشتن و مانەوەی ئەفسەرە بریندارەکانی سوپای ئێران، کە لە بەرەکانی شەڕی سوریا بریندار دەبن.
میل ئۆنلاین دەڵێت: ئەم راپۆرتە وێنەییە بە تەواوەتی رادەی بەشداری و بوونی هێزەکانی ئێران لە بەرەکانی شەڕی سوریا دەخاتەڕوو.
تاوەکوو ئێستا وێنا دەکرا ١٦ هەزار سەربازی شیعەی بیانی ئامادە بەرەکانیش شەڕی سوریان، بەڵام راپۆرتەکەی موجاهدینی خەڵکی ئێران ئاماژەی بە ژمارەی ٦٠ هەزار کەس لەم هێزانە کردووە ،کە لە سوریا جێگیر کراون.