نوچەنێت: تایبەت
ئەفسەرێكی سوپای عێراق رایدەگەیەنێ، 9 رۆژە گەیارە ئاگری تێدایە و چەندین تیمی گەورە خەریكی كونترۆڵكردنەوەی ئاگرەكەن.
گەیارە گەورەترین شارۆچكەی سنووری پارێزگای نەینەوایە و دەكەوێتە باشووری ئەو شارەوە، لە رۆژی 24 ئابی رابردووەوە، بەشێكی ئازاد كرا لە بەرەبەیانی رۆژی 25 ئابی مانگی رابردوو بە تەواوەتی ئازاد كرا. بە هۆی شەڕەوە ئاگر لە بیرە نەوتییەکان کەوتۆتەوە زەرەر و زیانێکی گەورەی گەیاندۆتە ناوچەکە.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، رائید ئەمین شێخانی ئەفسەر لە سوپای عێراقی لە بارەی ئەو ئاگرەی لە گەیارە كەوتووتەوە رایگەیاند، ئاگری پاڵاوگەكانی گەیارە خەریكە بەرەو ناو گەڕەكەكان بڵێسە دەکات. بۆ ماوەی 9 رۆژە چەندین تیمی گەورە خەریكی کۆنتڕۆلکردنی ئاگرەکەن، بەڵام پێیان كۆنترۆڵ ناكرێتەوە.
شێخانی دەڵێت، تا ئێستا بە هۆی ئەو ئاگرەوە 60 ماڵ سوتاون و گەیارەش توشی دوكەڵێكی پیسی رەش بۆتەوە، خەڵكەكەی توشی مەترسی و تەنگە نەفسی هاتوون، هەروەها نەخۆشخانەی گەیارەش چۆڵكراوە و ژیان لە گەیارە زۆر زەحمەت بووە.
هەروەها ئەو ئەفسەرە ئاماژە بەوە دەدات، کە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی خۆراك و غازی پێویستیان گەیاندۆتە گەیارە و خەریكە بازاری گەیارە جوڵەی تێدەكەوێت، بەڵام هەموو خەمی ئێمە و هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە نەهێڵێن نەوتەكە بچێتە ئاوی دیجلە، ئەگەرنا ئاوی دیجلە پیس دەبێت.