نوچەنێت-ئاژانسەکان
میدیاکانی تورکیا دەلێن، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە سەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە.
دوا بە دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەفکان ئالا و رەزامەندی بیناڵی یەڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، میدیاکانی ئەم وڵاتە هەلومەرجی هەستیاری ئێستای تورکیایان خستۆتە بەرباس، بە تایبەت کە لەم قۆناغەدا دۆخی نائاسایی بەردەوامە و هاوکات تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لە سەر خاکی سوریا لە ململانێیەکی سەربازیدایە.
هەر لەم بارەیەوە، کەناڵی (سی، ئێن، ئێن)ی تورک لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، کە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆ پەیوەندی بە کودەتا شکست خواردووەکەی 15ی تەموزەوە هەیە، بە تایبەتی کە لە دوای کودەتاکە، ئەفکان ئالا لە گەڵ ئەردۆغان، هیچ دانیشتن و دیدارێکی نەبووە و ئەردۆغانیش لە کۆبوونەوەی رێزلێنان لە بەرپرسانی تورکیا، لە جیاتی ئالا لە گەڵ سولەیمان سۆیلو، وەزیری پێشووی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆبووەوە، کە لە ئێستادا وەک وەزیری ناوخۆ دیاری کراوە.
رۆژنامەی حورییەتی تورکیا، لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای دەکات، کە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە سەر داوای ئەردۆغان بووە.