نوچەنێت
هاوکات لە گەڵ بەردەوام بوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیەکانی تورکیا لە سەر خاکی سوریا، راوێژکاری باڵای کۆشکی سپی رایگەیاندووە، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی جی ٢٠ لە گەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان،سەرۆککۆماری ئەمریکا کۆدەبێتەوە و سەبارەت بەم قەیرانە گفتوگۆ دەکەن.
بن رودێز، جێگری راوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە میدیاکانی ئەم وڵاتەی راگەیاندووە، کە باراک ئۆباما، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو،٤ی سێبتەمبەر لە وڵاتی چین لە گەڵ ئەردۆغان دیدار و چاوپێکەوتن دەکات.
١٢هەمین کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی جی ٢٠ رۆژانی چوارەم و پێنجەمی سێبتەمبەر، لە شاری هانگژۆ لە رۆژهەڵاتی چین کۆدەبنەوە.
رودێز لەم بارەیەوە دەڵێت: ئۆباما و ئەردۆغان لە بارەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەو راستییە کە ئێمە دەبێ وەک هاوپەیمان بمێنینەوە، باس و گفتوگۆ دەکەن.
هێزەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە دەستیان داوەتە ئۆپەراسیۆنی پاکسازی ناوچە سنوریەکان، وەک سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە رایگەیاندووە، مەبەستیان کردنە ئامانجی تیرۆریستانی داعش و هێزەکانی یەپەگەیە.
کردنە ئامانجی هێزەکانی سەر بە یەپەگە لە لایەن تورکیاوە و چوونی هێزی سەربازی ئەم وڵاتە بۆ ناو خاکی سوریا، یەکێک لەو خاڵانەیە کە لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە جێی ناکۆکییە و ئەم دوو وڵاتەی وەک دوو ئەندامی شوێندانەر و سەرەکی لە هاوپەیمانێتی ئەتڵانتیکی باکور(ناتۆ)بەرەورووی یەکتر کردۆتەوە.
واشنتۆن بە فەرمی رایگەیاندووە، یەپەگە هێزێکی گرنگ و شوێندانەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵام تورکیا ئەم بانگەشەیەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە ودەڵێت، لقێکە لە پەکەکە وەک هێزێکی تیرۆریست کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین تەقینەوە و کردەوەی تیرۆریستی لە دژی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا و لە سەر خاکی ئەم وڵاتە ئەنجام داوە.
شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوپای تورکیا و یەپەگە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە گەڵ رەخنە و هەڵوێستی توندی ئەمریکا بەرەروو بۆتەوە و لەم پەیوەندیەدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەم شەڕ و پێکدادانانە بە لای ئەمریکاوە قابیلی قبوڵ نییە.
ئەم دیدارەی ئۆباما وئەردۆغان، یەکەم دیداری سەرۆکانی ئەمریکا تورکیا هەژمار دەکرێت، لە دوای کودەتا بێ ئەنجام و شکست خواردووەکی ١٥٧ تەمووزی ئەمساڵ لە تورکیا، کە لە دژی دەوڵەتی ئەردۆغان ئەنجام دراوە.
لە دوای کودەتاکەی تورکیا، پەیوەندیەکانی ئەنقەرە لە گەڵ هاوپەیمانانی رۆژئاوایی خۆی بارگرژی و ئاڵۆزی بەخۆوە بینی. بەرپرسانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا رەخنەیان لە سیاسەت و چۆنێتی مامەڵەکردنی دەوڵەتی ئەردۆغان لە پەیوەندی لە گەڵ کودەتاچییەکان گرت.لە بەرامبەردا، ئەنقەرەش سەرۆکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بەوە تۆمەتبار کرد، لە جیاتی ئەوەی سەرنج بخەنە سەر مەترسی و هەڕەشەکانی سەر دەوڵەتی تورکیا، نیگەرانی مافەکانی کۆمەڵێک کەسی کودەتاچین.
ئەردۆغان، سەرەتای ئەم مانگە لە دیدار لە گەل جۆبایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەردانی تورکیای کردبوو، بە ئاشکرا رایگەیاند کە رادەست کردنەوەی فەتحوڵا گولەن لە لایەن ئەمریکاوە، وەک هۆکار و پلاندارێژی سەرەکی کودەتاکەی ئەم وڵاتە ناسراوە، ئەولەوییەتی یەکەمی دەوڵەتی تورکیایە.
ئەردۆغان ئەوەشی خستە روو، کە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا وتورکیا دەخوازێ کە وەها کەسانێک دەستبەسەر و رادەست بکرێنەوە. ئەردۆغان بە بایدنی گوتبو، گولەن لە ئەمریکاوە رێبەرایەتی رەوتێکی تیرۆریستی دەکات.
ئەمریکا ئێستاشی لە گەڵ بێت، لە رادەستکردنەوەی گولەن خۆی بواردووە وراشیگەیاندووە، کە رادەست کردنەوەی ناوبراو گرێدارەوە بە خستە رووی بەڵگەی پێویست لە لایەن تورکیاوە بۆ ئەوەی رێڕەوی قانونی خۆی لە ئەمریکا وەربگرێ.