نوچەنێت: تایبەت
ئەفسەرێك رایدەگەنێت: دووكەڵی ئاگرەكەی بیرەنەوتییەكانی گەیارە، ژیانی خەڵكی خستووەتە مەترسییەوە. تا ئێستا زیاتر لە 30ماڵی گەیارە سوتاون.
دوای شەڕێكی چەند رۆژە ناحیەی گەیارە، رێکەوتی24-8-2016 لە لایەن سوپای عێراقی كۆنترۆڵ كرایەوە. بیرە نەوتەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە تەقێنراونتەوە، بۆیە گڕیان گرتووەو تائێستا ئەو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت، ڕائید ئەمین شێخانی ئەفسەر لە سوپای عێراقی رایگەیاند” ئاگرەكەی گەیارە خەڵكی هەراسان كردووە. ئاگرەكە زۆر بە تینە، چونكە نەوت بە نێو كۆڵانەكان دێتە دەرێ تیمی ئاگركوژێنەوە خەریكی كونتڕۆڵكردنەوەی ئاگرەكەن، بەڵام ئاگرەكە زۆر گەورەیە بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت. ئەو ئامێر و كەرەستە تایبەتەشمان نییە ئاسان بیكوژێنینەوە”.
هەورەها گوتیشی”هۆكاری ئەو ئاگرە زۆرە ئەوەیە، كە داعش بیرە نەتەوكانی گەیارەی تەقاندۆتەوە ئەو نەوتەش بە نێو ماڵەكان دەروات و ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان زیانی زۆریان بەركەوتووە.ئێستا زیاتر لە 30ماڵی گەیارە سوتاون” .
ئەمین شێخانی هەروەها دەڵێت”ئەو دوكەڵانە لە مێژە هەن، بەڵام خەڵكی ناو گەیارە نەیان وێراوە لە ترسی داعش ئاشكرای بكەن، داواش دەكەین بە زوترین كات ئەو ئاگر كۆنتڕۆڵ بكرێت چونكە زیانی زۆری بۆ ئێمە، هەیە” .