نوچەنێت- ئاژانسی رۆیتەرز
بالوێزی سعودیە لە بەغدا وەک کاردانەوەی بەرامبەر بە داواکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ گۆڕینی ناوبراو، جەختی لەوە کردۆتەوە، کە سیاسەتەکانی سعودیە لەم وڵاتە نەگۆڕە و هیچ گۆڕانکارییەکی بە سەردا نایەت.
بە گوێرەی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆیتەرز، سامر سەبهان باڵوێزی سعودیە لە عێراق، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئاگۆست، لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی “العربیە” لەم بارەیەوە هەڵوێست و کاردانەوەی خۆی خستەڕوو. سەبهان لە بەشێک لە وتووێژەکەی گوتی، سیاسەتی سعودیە لە عێراق روون و ئاشکرایە و بە گۆڕینی کەسەکان هیچ گۆڕانکارییەکی بە سەردا نایەت.
سەبهان جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لە گەڵ سیاسییەکانی عێراق هەیە و دەڵێت: باس و گفتوگۆکانمان لە گەڵ یەکتر زۆر جیاوازە لەوەی لە میدیاکان بڵاو دەبێتەوە .
باڵوێزی سعودیە لە بەغدا ئەوەش دەخاتەڕوو، ئاساییە کە وڵاتێک کە دەستوەردانی سەربازی وڵاتانی دیکە ئەزمون دەکات و لە ژێر کاریگەری راوێژکارانی سەربازی ئەو وڵاتانەدا لە ژێر گوشاردا بێت، من لە وەها دۆخێک تێدەگەم.