نوچەنێت-ئاژانسەکان
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: لیژنەی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان سەلماندی، کە رژێمی سوریا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و ئەوەشی سەلماند، کە ئەم رژێمە لە پەیوەندی لە گەڵ بەکارنەهێنانی ئەم چەکانە، پابەندی بەڵێنەکانی خۆی نەبووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، هۆشداریەکانی تورکیا بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەیوەندی لە گەڵ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سوریاوە لە جێی خۆیدا بووە. هەر بۆیە داوای لە رێکخراوی قەدەغە کردنی چەکی کیمیایی دەکەین بەدواداچوون بۆ “دژبەیەکی”قسە و لێدوانی بەرپرسانی رژێمی سوریا بکات و، لەم بارەیەوە راپۆرتێکی تایبەت ئامادە بکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە درێژەدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی وەسف دەکات و داوای لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەکات، لەم بارەیەوە سزا بۆ دەوڵەتی سوریا ئامادە بکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرباری سەلماندنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن دەولەتی سوریا و کردەوەی دڕندانە و تاوانکارانەی داعش، ئەم گروپە لە سەر ئەم کردەوانەی خۆی بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، پیشتر لەم بارەیەوە هەڵوێستی خۆی وەرگرتووە و رایگەیاندووە، کە پاریس خوازیاری دژکردەوەی کۆمەڵگای جیهانییە بەرامبەر بەم دۆخە و هۆشداریش دەدات، کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نابێ خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە.
ژان مارک ئایۆ جەختیشی لەوە کردەوە، کە فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانی لەم بارەیەوە هەنگاوی پێویست دەنێن.