نوچەنێت
ویکیلیکس ئامانجێکی دیاریکراوی بۆ خۆ پێناسە کردووە: ئاشکرا کردنی نهێنی حکومەتەکان بۆ شەفافییەتی زۆرتر، بەڵام لە هەمان کاتدا هەزاران کەس لە خەڵکی بی تاوان و ئاسایی کردۆتە قوربانی خۆی.
ئەمە، بابەتێکە کە نووسینگەی ئاژانسەکانی ئاسۆشیتێد پرێس لە لەندەن، پاریس و ئیستەنبوڵ، ئەم رۆژانە بڵاویان کردۆتەوە.
کەیسی پزیشکی کەسانی ئاسایی، کارتی پێناس، زانیاری بنەماڵەیی، دارایی و …هتد، کۆمەڵێک لەو بابەتەن کە لە راپۆرتەکانی ویکیلیکس ئاماژەیان پێکراوە.
رەنگە هەژێنترین نموونەکان پەیوەندی بە دوو نەوجەوانی قوربانی دەستدرێژی بێت، کە ناوەکانیان لە لایەن ویکیلیکسەوە بڵاو کراوەتەوە. لە نمونەیەکی دیکەدا، ویکیلیکس، ناوی هاووڵاتییەکی سعودیە، کە بە تۆمەتی هاورەگەزبازی دەستگیر کراوە، بڵاو کردۆتەوە.
ئەم هاووڵاتییەی سعودیە بە ئاسۆشیتێدپرێزی راگەیاندووە، هەموو شتێکیان بڵاو کردۆتەوە، تەلەفۆن، ناونیشان، ناو و وردەکارییەکانی تایبەت بە ژیانم.
نیگەرانییەکان دەربارەی چۆنیەتی ئەو زانیاریانەی کە ویکیلیکس بڵاوی کردۆتەوە یان بڵاوی دەکاتەوە پێشتریش هەبووە. بۆ وێنە ئەو زنجیرە بەڵگانەی کە ساڵی 2010، لە لایەن بێردلی مێنینگ، کارمەندی دەزگای زانیاری سوپای ئەمریکای بڵاوکردەوە و رادەستی ویکیلیکس کرا، گیانی خەڵکی مەدەنی لەو ناوچانەی کە شەڕ و پێکدادانی تێدا بەرپا بوو، خستە مەترسییەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ویکیلیکس بانگەشەی ئەوە دەکات کە سنوورە تاکە کەسییەکان نابەزینێ و تەنها تەرکیز دەکاتە سەر ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە شەڕ و جاسوسی و گەندەڵییەوە هەیە، هەر بۆیەش دەڵێت لەم بوارەوە کتێبخانەیەکی گەورەی لەو بەڵگانەی کە لە ئاستی جیهانیدا دەستی پێراگەشیتووە دروست کردووە.
ئەم کتێبخانەیە، رۆژ لە دوای رۆژ گەشە دەکات. ماوەیەک بەر لە ئێستا بوو کە نیو ملیۆن کەیسی لە سەرچاوەکانی وەک پارتی دەسەڵاتداری تورکیا، واتە پارتی دادوگەشپێدان، پارتی دیموکراتی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی سعودیەی پێوە زیاد کردووە. ئەم کتێبخانەیە هەروەها کۆمەڵێک زانیاری لەوانە ڤایرۆسی کۆمپیوتەرەکان، ئیمێڵی نەخوازراو و گرنگتر لە هەمووان زانیاری تاکە کەسی لە بەردەست دایە.
بۆ نموونە تەنها لە فایلە دیپلۆماسییەکانی سعودیە، بە لانی کەمەوە 124 کەیسی پزیشکی بوونیان هەیە، کە بەشێکیان پەیوەستن بە زانیاری ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەرونییان هەیە یان پەنابەران و منداڵانی نەخۆش.
ئاسۆشیتێد پرێس، لە گەل زۆریەک لەم هاووڵاتیانەی سعودیە چاوپێکەوتن و وتووێژی ئەنجام داوە. بۆ وێنە لە گەڵ ژنێکی دەستنەڕۆیشتوو کە ناچار بووە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی یەکێک لە خزمەکانی قەرز بکات. ئەم ژنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە ئاژانسی ئاسۆشیتێدپرێزی گوتووە، کە نایهەوێ کەس و کار و دراوسێکانی ئاگاداری ئەم بابەتە بن.
هەروەها لە کەیسەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا، دیپلۆماتکارێکی ئەم وڵاتە بەم ئاژانسەی گوتووە، کە لە ژێر گوشار و هەڕەشەی کەسانی نەناسراو ناچار بووە ژمارەی تەلەفۆنەکەی بگۆڕێت.
ئەو کات، مەبەست ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافیاکانی مرۆڤ بوو، لە لایەن حکومەتەکانی عێراق و پاکستانەوە، کە بە جۆرێک هاوکاری تالیبانی ئەفغانستانیان کردبوو، هەروەها کۆمەڵک بەڵگەی دیکەیان لێ ئاشکرا بوو.
ژولیان ئاسانژ، هاووڵاتی ئۆسترالیایی و دامەزرێنەری ویکیلیکس، ساڵی 2010، لە ئاکسفۆردی بەریتانیا گوتبووی، کە هەندێ لە زانیارییەکان، لەوانەی پێشینەی پزیشیکی کەسەکان “نهێنی رەوای” ئەم تاکانەن و ویکیلیکس رێز لەم نهینیانە دەگرێت. بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەم ئاژانسە سەرچاوەی پێویستی بۆ چاودێریکردن بە سەر کەیسەکان بەر لەوەی بڵاو ببننەوە، لە بەردەستدا نییە.
لە ساڵی 2013 بەدواوە، بە تایبەت دوای ئەوەی کە پەیوەندی ئاسانژ، لە گەڵ بڵاوکراوەکانی لەندەن پچڕا، ویکیلیکس تەنانەت رێگەی نەداوە رۆژنامەوانان دەستیان بە سەرەتاییترین زانیارییەکانی ئەم ئاژانسە رابگات، کە پێشتر لە بێژنگ دراون. لەم رووەوە دەستی بە هەر زانیارییەک گەیشتبێ دەستبەجێ بڵاوی کردۆتەوە.
لاپەرەی ویکیلیکس لە سەر تۆڕی تویتەر دەڵێت، نابێ پەرە بەم گومانە بدرێت کە زانیارییەکان مەترسیدارن، بەڵام ئەو نمونانەی کە ئاماژەی پێکرا و زۆر نموونەی دیکە ئەم پرسیارە دروست دەکات، کە ئایا هەندێک لە زانیارییەکان بە راستی جێی مەترسی نین؟
بۆ وێنە ناوی پەرستارێک کە لە سعودیە لە لایەن خاوەن ماڵەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، یان کورێکی نەوجەوان ئە وکاتەی کە لە دەرەوەی وڵات بووە، لە لایەن گەورە ساڵێکەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، یان گەنجێکی دیکە کە بەهۆی توندوتیژی لە رادەبەدەر تووشی کێشە ببوو، یان بڵاوکردنەوەی زانیاری لە بارەی هاووڵاتییەکی دیکە سعودیە، لە لایەن میدیاکانی ئەم وڵاتەوە لە ژێر ناوی “لادانی سێکسی یان هەمان هاورەگەزبازی” کە دواتر بووە هۆی دەستگیر کردنی.
کێشەیەکی دیکەی ویکیلیکس لەوەدایە کە هیچ چاودێری و کۆنتڕۆڵێکی سەرەتایی بە سەرەوە نییە و تەنانەت پێش بە ڤایرۆسەکان ناگرێ. تەنانەت ژمارەیەک لە خوێنەرانی ئەم ئاژانسە بەرەوڕووی ڤایرۆسی ئینتەرنێتی بوونەتەوە.
ئەم دۆخە بۆتە هۆی ئەوەی کە نزیکترین لایەنگرانی ئاسانژ، خۆیان لە ناوبراو بە دوور نگرن، بۆ نمونە گرین گرینواڵدی رۆژنامەنووس، کە رەنگە گەورەترین پشتیوانی ویکیلیکس بێت لە جیهانی میدیادا.
لایەنگرێکی دیکەی ویکیلیکس و رەخنەگرێکی ئێستای ئەم ئاژانسە، ئێدوارد سنۆدنە، کارمەندی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە بە یارمەتی ویکیلیکس لە روسیا بوو بە پەنابەر.


