نوچەنێت-مشرق
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەرباری پێداگری ئەنقەرە بۆ قەدەغە کردنی سەردانی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک، داواکارییەکان بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی سەربە سوپای ئەڵمانیا، لەم بنکە سەربازییە رەتدەکاتەوە.
بە گوێرەی رۆژنامەی “هانوفێرشێ ئاڵگمانیە سایتۆنگ “ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، کە سوپای ئەم وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش لە دژی داعش، پابەندی مانەوەی هێزەکانیەتی لە بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک.
ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن، لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئایا سوپای ئەڵمانیا ئەگەر پێویست بکات هێزەکانی لە ئەنجەرلیک دەکشێنێتەوە یان نا دەڵێت، بەکارهێنانی بنکەی سەربازی ئێستاش لە قازانجی ئەڵمانیا و تورکیا-یە.
هەفتەنامەی شپیگڵ، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، کە بە سەرنجدان بە دژایەتی ئەنقەرە بۆ رێگەدان بە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ سەردان لە بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک، گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر دەوڵەتی مێرکل، تا وەکوو پاشەکشە بە فڕۆکەکانی تۆرنادۆی خۆی بکات لەم بنکەیە.
ماوەیەک بەر لە ئێستا پەرلەمانی ئەڵمانیا، بڕیارنامەیەکی لە پەیوەندی لە گەڵ جینۆسایدی ئەرمەنییەکان پەسەند کرد. تورکیاش وەک کاردانەوەی بەرامبەر بەم هەنگاوە، هەر جۆرە سەردانێکی نوێنەرانی ئەڵمانیای بۆ بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک قەدەغە کرد.