نوچەنێت
سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند، لە بواری وزە پەیوەندییەكانمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەكەن و دەروازەیەكی دیكەش لە گەڵ هەرێم دەكەنەوە.
بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندووە، پرسێكی سەرەكی كۆبوونەوەمان لە گەڵ بارزانی دۆخی ئابووری بووە. تێدەگەین رەوشێكی ئابووری نالەبار لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە بڕیامانداوە هاوكاییە ئابوورییەكانمان زیاتر بكەین، ئەوەش لە دوو رێگەوە: پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی وزە و كردنەوەی دەروازەیەكی دیكەی سنووری لە گەڵ هەرێمی كوردستان.
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی، پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بارزانی گەشە کرد. گرفتی ئابوورییان هەیە. ئەم پەیوەندییانەمان فراوان دەکەین بەتایبەتی لە بواری وزەدا و خاڵی سنووری ئەسەندەرە لە رۆژهەڵاتی خابوور (ئیبراهیم خەلیل) سەر لە نوێ دەکەینەوە و هاووڵاتیانمان ئاسودە دەکەین.
بیناڵی یەڵدرم دەڵێت، لە گەڵ بارزانی گەشتینە ئەو بڕوایەی کە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەماهەنگی زیاترمان هەبێت. هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بە بەشداری بارزانی و حکومەتی بەغدا و بە سەرکردایەتی ئەمریکا موسڵ لە داعش وەربگیرێتەوە، ئێمەش پشتگیری لەوە دەکەین. پێویستە پێکهاتەی ئەوێ بگۆڕێت، پێویستە گرفتێکی نوێ نەهێندرێتە ئاراوە.