نوچە-قطرە
ئەیمەن زەواهری، سەرکردەی قاعیدە لە گرتەیەکی ڤیدئۆییدا بە توندی هێرش دەکاتە سەر داعش.
زواهری لەم گرتە ڤیدئۆیەدا، کە لە لایەن تٶڕەکانی بەستراوە بە قاعیدە بڵاو بۆتەوە، دەڵێت: داعش لە”خوارج”خراپترە و داوای لە سەرجەم موسوڵمانان کردووە، کە لە گەڵ تاڵیبان بەیعەت بکەن و پڕوپاگەندە و بانگەشەکانی داعش پشت گوێ بخەن.
زەواهری وێڕای ئاماژەدان بە ئەبوبەکر بەغدادی دەڵێت: گروپی بەغدادی لە “خوارج”خراپتریان بەسەر هاتووە، نە تەنها موسوڵمانان تەکفیر دەکەن، بەڵکو بوختان و تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن، چونکە رایانگەیاندووە هەر کەس لە دژیان بوەستێتەوە، کافرە.
زەواهری وێڕای رەخنەی توند بۆ سەر بەغدادی و داعش دەڵێت: سەرباری رەخنەکانمان لەم گروپە، ئەوان هیچ بەهایەک بۆ قسەکانی ئێمە دانانێن. هەر بۆیە داوای لە بەغدادی دەکەم، ناو و رێکەوت و سیفاتی ئەو کەسانەی کە بەیعەتیان لە گەڵ کردووە بڵاو بکاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە پێشتر لە دەزگای ئیستخباراتی و سوپای سەدامدا ئەندام بوونە، دەبێ روونیشی بکەنەوە لە سەر چ بنەمایەک خۆیان بە سەر موسوڵماناندا فەرز کردووە.
سەرکردەی رێکخراوی قاعیدە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە رێکخراوەکەی پەیڕەوی لە تاڵیبان دەکات و گوتویەتی: ئوسامە بن لادن، هەنگاوێکی گرنگ و بە مەبەستی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئۆمەتی ئیسلامی بەیعەتی لە گەڵ تاڵیبان کرد،هەر بۆیە موسوڵمانان دەبێت ئەم رێچکەیە بگرنە بەر.
جێی ئاماژەیە کە مانگری فێبریوەری ٢٠١٤ و دوای ململانێ و پێکدادانێکی دوورودرێژ لە گەل ئەندامانی قاعیدە، داعش هەموو پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ ئەم گروپە داخست.