نوچەنێت-پارس نیوز
سامر سەبهان، باڵوێزی سعودیە لە عێراق دوای نیوەرۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئاب، لە وتووێژ لە گەڵ سکای نیوزی عەەبی جارێکی دیکەش جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئیران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی سەرەکی تیرۆریزمە.
بە پێی ئەم راپۆرتە، باڵوێزی سعودیە لە عیراق، سەبارەت بە هەوال و راپۆرتی میدیاکانی عەرەبی، لە پەیوەندی لە گەڵ ئەوەی کە ئێران لە رێگای گروپە میلیشیاکانی شیعەی عێراقەوە هەولی تیرۆرکردنی ناوبراوی دابێت گوتوویەتی، ناوی ژمارەیەک لەو کەسانەیان لایە کە، لە پلانی تیرۆرکردنیدا بەشدارییان کردووە.
سامر سەبهان دەشڵێت، پیلانە تیرۆرستییەکان، نابنە بەربەست لە بەردەم چالاکییەکانیان لە عێراق و جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە هاوکاری بەرپرسانی عێراقی دەکەن بۆ پاراستنی دیپلۆماتکارانی سعودیە لە بەغدا.
جێی ئاماژەیە کە، رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا و لە راپۆرتێکدا، پیلانی تیرۆرکردنی باڵوێزی سعودیەی لە عێراق ئاشکرا کردبوو و رایگەیاندبوو، کە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق زانیارییەکانی رادەست کردووە.