نوچە-ئیرنا
پەرلەمانی تورکیا، لە دوایی کاتژمێرەکانی خۆی پێش دەستپێکی پشووی هاوینە،سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی ئاب، رێککەوتننامەی ئەنقەرە-تەلئەبیبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات پەسەند کرد.
بەم رێککەوتنە، هەردوو وڵات وێڕای ناردنی باڵوێز و دانی خەسارەتیکی ٢٠ ملیۆن دۆلاری لە لایەن ئیسرائیلەوە بە بنەماڵەی قوربانیانی کەشتی مەڕمەڕە، کەیسی دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی کوشتاری هاووڵاتیانی تورکیا دادەخرێت.
رێککەوتنی ئەنقەرە و تەلئەبیب، لە مانگی رابردوو، دوای خولێک لە وتووێژی دوورودرێژ و نهێنی گەیشتە ئەنجام، کە هاوکات بوو لە گەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا وروسیا.
دوای ئەوەی لە مانگی مای ٢٠١٠ لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرش کرایە سەر کەشتییەکی هەڵگری یارمەتی مرۆڤدۆستانەی تورکیا، بۆ خەڵکی غەززە و بەو هۆیەوە ٩ هاووڵاتی تورکیا کوژران، پەیوەندی دبلۆماسی نێوان دوو وڵات گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی، هەرچەند کە پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە وەک خۆی مایەوە و تەنانات پەرەی سەند.
دوابەدوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەحمەد داود ئۆغڵو، لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە و هەوڵە نوێێکانی تورکیا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەم وڵاتە هەوڵی دا پێداچوونەوەی بە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بکات و هەربۆیەش لە گەڵ ئیسرائیل ورسویا پەیوەندیەکانی خۆی ئاسایی کردەوە.
پشووی هاوینی پەرلەمانی تورکیا تا رۆژی یەکەمی ئۆکتۆبر بەردەوام دەبێت.