نوچە-دەنگی ئەمریکا
چەند رۆژ دوای رێککەوتنی ئێران و تورکیا، بۆ پەرەدان بە هاوکاریەکانیان سەبارەت بە قەیرانی سوریا، سەرباری جیاوازی بۆچوونیان لەم بارەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی هەینی رایگەیاندووە، شەوی پێشوو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کردووە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتێدپرێس، مەولود چاوش ئۆغڵو لە وتووێژ لە گەڵ ئاژانسی حکومەتی تورکیا(ئانادۆڵ)گوتویەتی، شەی پێنج شەممە و لە کاتی سەردانی بۆ هێن، وچانێکی کورتی لە تاران هەبووە. وردەکاری زیاتری نەخستۆتە روو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندووە: دەبێ هەوڵەکانی خۆمان چڕتر بکەینەوە. قەیرانی سوریا بە تێپەڕبوونی کات قووڵتر و زیاتر لەهەموو کات ئاڵۆزتر دەبێت، بەهەمان رادەش چارەسەرکردنی ئاستەمتر دەبێت.
لەم پەیوەندیەدا، بەهرام قاسمی، گوتەبێی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای پشت راست کردنەوەی سەردانەکەی چاوش ئۆغڵو بۆ ئێران، گوتویەتی: وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان وبەدواداچوون بۆ لێکتێگەیشتنەکانی دوو لایەن لە گەڵ جەواد، وێڕای پشت راست کردنەوەی سەردانەکەی چاوش ئۆغڵو بۆ ئێران گوتویەتی: وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان وبەدواداچوون بۆ لێکتێگەیشتنەکانی دوو لایەن لە گەڵ جەواد زەریف کۆبۆتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەش دەخاتە روو، کە بە پێی بڕیاری دوو لایەن، بەرپرسانی دوو وڵات لە ئاستی جیاوازدا گفتوگۆ ودیدارەکانیان لە گەڵ یەکتر چڕتر وفراوانتر دەکەنەوە.
لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوو و لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سوریا بەم لاوە، تورکیا دژبەرێکی سەرسەختی بەشار ئەسەدی سەرۆکۆماری سوریا بووە، بە پێچەوانەوە ئێران لایەنگری مانەوەی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات.