نوچە-رادیۆ فەردا
پۆل منافۆرت، بەڕێوەبەری کەمپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ، پاڵێوراوی کۆماریەکامی ئەمریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە رۆژی هەینی دەست لە کارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
بە گوێرەی راپۆرتی سی.ئێن.ئێن، دۆناڵد ترامپ لە بەیانێکدا کاروچالاکیەکانی منافۆرتی بەرز نرخاندووەوە، سوپاسی ناوبراوی کردووە و وەک پرۆفیشناڵێکی راستەقینە وەسفی کردووە.
سەرچاوەیەک لە پەیوەندی لە گەڵ هۆی دەستلەکارکێشانەوەی منافۆرت بە سی.ئێن،ئێنی راگەیاندووە، کە بەڕێوەبەری کەمپەینی ترامپ نەیویستووە مانەوەی لەم کەمپەینەوە ببێتە سەرئێشەی زۆرتر بۆ ترامپ.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەست لە کار کێشانەوەی منافۆرت لە کاتێکدایە، کە چەند راپۆرتێک سەبارەت بە یارمەتیەکانی ناوبراو بە ویکتۆر یانۆکۆڤیچ، سەرۆککۆماری پێشووی ئۆکراینیا بڵاو بۆتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتانە، منافۆرت زیاتر لە ١٢ ملیۆن دۆلاری لە پارتی لایەنگی یانۆکۆڤیچ وەرگرتووە، هەروەها گوتراوە کە بە قازانجی کەسایەتیە سیاسیەکانی ئۆکراینیا لە ئەمریکای لاتین لۆبیگەری کردووە.
هەر لەم پەیوەندیەدا دوو کەس لە نوێنەران پارتی کۆماریخوازی ئەمریکا، خوازیاری لێکۆڵینەوە لەبارەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەری کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی دۆناڵد ترامپن.