نوچەنێت-ئیلنا
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، کە ئەنقەرە و مۆسکۆ سەبارەت بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و پێویستی دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئەم وڵاتە هاوڕان.
بە گوێرەی ئاژانسی سپۆتنیک، مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چارەسەری قەیرانی سوریا و گەیشتن بە سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوام لەم وڵاتە، بە بێ بەشداری روسیا ئەنجامێکی بە دواوە نابێت.
ئۆغڵو راشیدەگەیێنێت، کە دوخی سوریا رووی لە خراپتر بوونە و، ناکرێ ئەم دۆخەش بە رێکاری سەربازی و بە شێوەی کورت ماوە چارەسەر بکرێت.
چاوش ئۆغڵو هەروەها دەڵێت، هیچ لایەنێک بە تەنها توانای چارەسەری قەیرانی سوریای نییە، هەر بۆیە دەبێ وڵاتان بۆ دەرکردنی بڕیارێکی سیاسی و بە مەبەستی وەستاندنی شەڕ و هێنانە ئارای ئاشتەوایی نیشتمانی لەم وڵاتە هاوکاری یەکتر بن.