نوچەنێت-ئاژانسەکان
محەممەد عەلی فەلەکی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، باس لە پێکهاتنی “سوپای ئازادیبەخشی شیعە”ی کردووە و دەڵێت، ئەم سوپایە لە ژێر فەرماندەیی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسدایە و لە ئێستادا لە بەرەکانی شەڕدایە لە هەر یەک لە وڵاتانی یەمەن،عێراق و سوریا.
مەلەکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئاب، لە وتووێژ لە گەڵ ماڵپەڕی “مشرق نیوز” جەختی لەوەش کردۆتەوە، کە بڕیار نییە هەموو ئەندامانی ئەم سوپایە لە هێزەکانی ئێران پێک بێن. ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردۆتەوە، لە هەر ناوچەیەک پێویست بکات ئەم هێزە ئامادە دەبێت و لە رێگای رێکخستنی خەڵکی هەمان ناوچەوە، لە رووی مرۆییەوە هێزەکەی دابین دەکرێت.
مەلەکی دەربارەی ئامانجی پێکهێنانی ئەم سوپایە گوتوویەتی: ئامانج لە پێکهاتنی شانە بەراییەکانی ئەم سوپایە “لە ناوبردنی ئیسرائیلە و بۆ ئەم مەبەستەش 23 ساڵی بۆ خۆی دیاریکردووە، هاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە ئەم سوپایە بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی، لە بەرەکانی شەڕی سوریا،عێراق و یەمەن ئامادەیە.