نوچەنێت-رادیۆ فەردا
نوێنەری وەزارەتی تەندروستی ئێران لە دانیشتنی ناوەندی نەتەوەیی رێکخستنی کاروباری لاوان رایگەیاندووە، کە 30%ی خەلکی ئێران برسین و 25%ی دانیشتوانی شارەکانی ئەم وڵاتە لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەوالنێری مێهر لە زاری عەلی ئەکبەی سەیاری، جێگری وەزیری تەندروستی ئێرانەوە رایگەیاندووە، کە تێکڕای ئامارەکانی پەیوەندیدار بە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لەم ولآتە نهێنن.
سەیاری، لەم پەیوەندییەدا ژمارەی “ژنانی تایبەت” رادەی پەیوەندییان بە پیاوانەوە و هەروەها ئاماری”پەیوەندی سێکسی لە نێو قوتابیان” بە ئاماری نهێنی ناو دەبات.
ئەم بەرپرسەی ئێرانی هەروەها گوتوویەتی، کە 30%ی خەڵکی ئەم وڵاتە، نانیان نییە بیخۆن و ئەم ئامارەش لە لایەن وەزارەتی خۆشبژییەوە پشت راست کراوەتەوە.
بە گویرەی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، 18 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئەم وڵاتە بەرەوڕووی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتەوە. لە ئێران توش بوون بە مادەی هۆشبەر، هەژاری، بێکاری، منداڵ ئازاری، خۆکوژی، دزی، وازهێنان لە خوێندن، پەیوەندی سێکسی نائاسایی و…هتد، وەک بەشێک لە ئاریشە و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان پێناسەکراون.