نوچە-ئیسنا
سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا بەردەوام دەبێت لە کەمپەینی پاکسازی لایەنگرانی فەتحولا گولەن.
بە گوێرەی رۆژنامەی حورییەتی، بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەبارەت بە کەمپەینی پاکسازی لایەنگرانی گولەن دەڵێت: وەک بەشێک لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەربارەی هۆکارەکانی کودەتا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە.
یڵدرم هەروەها رایگەیاندووە: لە دوای کودەتاوە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس دەستبەسەر کراون و ٢٠ هەزار کەسی دیکەش لە هێزەکانی پۆلیس، سەرباز، ئەندامانی دەزگای دادوەری، بەرێوەبەرانی خۆجێی و کارمەندان زیندانی کراون.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەوەش دەخاتە روو، کە نزیکەی ٨٠ هەزار کارمەند لە پۆستەکانیان هەلپەسیردراون و ٥٠١٤ کەسیش لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.
بە گوتەی یڵدرم، بڕیار وایە بەم زووانە ١٠ هەزار کەس بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت دابمەزرێن. هەروەها جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە لە بەشە دەوڵەتیەکان درێژە بە کەمپەینی پاکسازی لایەنگرانی گولەن دەدەن.