ئەمنێستی، راپۆرتێک دەربارەی زیندانەکانی بەشارئەسەد بڵاو دەکاتەوە

0

نوچەنێت

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، سەبارەت بە ئەشکەنجەی بەربڵاو، دەستدرێژی و مەرگی ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی کە لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە لە لایەن حکومەتی بەشارئەسەد-ەوە دەستگیر و زیندانی کراون، بڵاو دەکاتەوە.

ئەمنێستی لەم راپۆرتەی خۆیدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی ئاب بڵاو بۆتەوە دەڵێت: بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەر دەستدایە، لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ٢٠١١، مانگانە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە زیندانیەکان گیانیان لە دەست داوە و، ژمارەی قورباناین گەیشتۆتە ١٧ هەزار و ٧٠٠ کەس.

ئەم راپۆرتەی ئەمنێستی، زۆرتر تەرکیزی کردۆتەوە سەر دۆخ  و هەڵسوکەوتی دەزگاکانی زنیاری و هەروەها زیندانی”صیدنایا”لە نزیکی دیمەشق.

ئەمنێستی، لەم بارەیەوە لە گەڵ ٦٥ کەس لەو زیندانیانەی کە لەو ماوەیەدا دەستگیر و زیندانی کراون گفتوگۆی کردووە. ئەم کەسانە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین و بە لانی کەمەوە شاهیدی مەرگی یەک کەس لە بەندکراوەکان بوونە.

بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی کە ئەمنێستی پشتی پێ بەستووە، دەستگیرکراوەکان هەر لە دەستپێکی بەرێکردنیان بۆ زیندان، وەک پاسەوانەکانی زیندان ناویان لێناوە لە کاتی “جەژنی پێشوازی”بە زۆر شێوە دەکەونە بەر ئازار  ولێدانیان بە سۆندە.

بەندکراوێک لەم بارەوە دەگێڕێتەوە، پاسەوانەکانی زیندان پێداگری زۆر دەکەن تاوەکو بزانن کەسێک نەخۆشە یان نا، ئەگەر لێی دڵنیا بن کە نەخۆشە، بەرەو مەرگی دەبەن تا هەر چی زووتر”لە دەستی رزگاریان بێت”.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، کە بەناوی خوازراوی عومەر خۆی ناساندووە  ولە تەمنەی ١٧ ساڵیدا  ولە میانیە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٢ی سوریا دەستگیر کراوە دەڵێت: یەکێ لە هاوڕێ بەندییەکانی کە پێیان زانیوە نەخۆشی ئاسمی هەیە، ئەوەندەیان لێدابوو، کە لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.

یەکێکی دیکە لە بەندکراوەکان، کە ئەمنێستی گفتوگۆی لە گەڵ کردووە،سەعید ناوێکە، کە باسی دەستدرێژی بۆ سە خۆی دەکات: هەڵیانواسیم، شۆکی ئێلێکتریکیان لێدام، دوایی دەستدرێژیان کردە سەرم.

سەعید دەگێڕێتەوە “دوایە دایان لێکردم چاوم بکەمەوە، کە چاوم کردەوە بینیم باوکم بە دیارمەوە دانیشتووە و، هەموو رووداوەکەی بە چاوی خۆی بینیوە”.

ژمارەیەک ە دەستگیرکراوەکان بە ئەمنێستییان گوتووە، هەموو ئەم ئەشکەنجانە بۆ تێکشکاندنی بەندکراوەکان بوو. بە گوێرەی راپۆرتەکە، زیندانیان لە رووی ئاو و خواردن و تەندروستی لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوونە.

فیلیپ لوتەر، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ماڵپەڕی ئەمنێسی نووسیویەتی: هێزە ئەمنییەکانی سوریا بۆ لە دەیەکانی رابردوو، بەردەوام بۆ تێکشکاندنی زیندانیان  ودژبەرانی بەندکراوی خۆیان پەنایان بردۆتە بەر ئەشکەنجە  و رەفتاری توندوتیژ. ئەمڕۆ ئەم بابەتە بۆتە شێوەیەکی ئامانجدار، لە دژی هەر کەسێکی مەدەنی کە هەست بەوە بکرێت لە دژی حکومەتەکەی ئەسەد وەستاوەتەوە.

ئەمنێستی داوا لە وڵاتانی زلهێزی جیهان بە تایبەت روسیا  وئەمریکا دەکات، کە گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی مەرکەزی سوریا  و گروپە چەکدارەکان تاوەکوو کۆتایی بە سیاسەتی توندوتیژ، سەرکوت، داپڵۆسین وئەشکەنجە بێنن. بە گوتەی ئەمنێستی ئەم روداوانەی کە لە زیندانەکانی ئەسەد روویانداوە، تاوان لە دژی مرۆڤایەتییە.

ئەمە یەکەم جار نییە، کە راپۆرتی پەیوەست بە ئەشکەنجە و لێدان لە زیندانەکانی ئەسەد بڵاو دەبێتەوە. پێشتریش لیژنەیەک لە شارەزایانی تاوان و قەزایی رایانگەیاندووە، کە بەڵگەی ئەوتۆیان بە دەستەوەیە کە نیشان دەدات کە لە زیندانەکانی بەشار ئەسەد، کوشتار و ئەشکەنجەی ئامانجدار بەڕێوەچووە.

دەوڵەتی سوریا، تاوەکو ئیستا بەرامبەر بەم راپۆرتە نوێیەی ئەمنێستی ئینتەرنەشناڵ کاردانەوەیەکی نەبووە، بەڵام بەرپرسێکی ئەم وڵاتە گوتویەتی دەستگیرکراوەکان ژمارەیەک تیرۆریستی سعودیەیان تێدایە و بابەتی ئەشکەنجەکردنیان دوورە لە راستی. بە گوتەی ئەم بەرپرسەی سوریا، حکومەت کاتێک کەسێک دەستگیر و زیندانی دەکات هیچ کات ئەشکەنجەی ناکات.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ، بۆ وێنە ئەمنێستی سەرباری راپۆرتەکانیان سەبارەت بە ئەشکەنجە و ئازاردانی بەندکراوان لە زیندانەکانی ئەسەد، راپۆرتی هاوشێوەیان لە بارەی ئەنجام دانی ئەشکەنجە، لە سێدارەدان و تاوان دژ بە  دژبەران لە لایەن گروپە بەرهەڵستکارەکانەوە بڵاو کردۆتەوە .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com