نوچە-رادیۆ فەردا
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: بە کارهێنانی بنکەی سەربازی ئێران لە لایەن روسیاوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سوریا جێی داخە، بەڵام ئەم کارەی روسیا چاوەڕواننەکراو نەبوو.
مارک تونەر، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، واشنتۆن بەردەوامە لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی هاوکارییەکانی نیوان روسیا و ئێران.
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، تونەر هەروەها دەڵێت: بەکارهێنانی بنکە سەربازیەکانی ئێران لە لایەن روسیاوە نابێتە رێگر لە بەر دەم گەیشتنی ئەمریکا وروسیا بە رێککەوتن لە پیناو بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە سوریا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەش دەخاتە روو، کە تاوەکو ئیستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی رێککەتن و ئاماژە بەوەش دەدات، مۆسکۆ بەردەوامە لە هێرش کردنە سەر هێزە میانڕەوەکانی ژێر پشتیونای ئەمریکا لە سوریا.
مارک تونەر ئەوەش رادەگەیەنێت: جۆن کێری وەزیری دەرەویە ئەمریکا لەم بارەوە لە گەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا گفتوگۆی کردووە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، پێی راگەیاندووە کە ئەم کارەی روسیا پێشێل کردنی بڕیانامەی ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە.