شەڕی موسڵ، کێشمەکێشی نێوان هەرێمی کوردستان، ئێران و تورکیا

0

نوچەنێت

شەڕی موسڵ و ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی ئەم شارە لە هێزەکانی داعش، بۆتە مەیدانی ململانێ و کێشمەکیشێ سیاسی و سەربازی لایەنەکان.هەر لایەنێک ستراتیژی خۆی دەخاتە روو-و لە سۆنگەی بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە دەڕوانێتەئەم پرسە.هەموو کێشەکەش پەیوەستە بە داهاتووی موسڵ، واتە قۆناغێ دوای داعش.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، بڕیاری کۆتایی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەم شارە لە لایەن ئەمریکا، روسیا، بەغدا و ئەنقەرەوە دەرکراوە. ئەوەی ماوەتەوە کاتژمێری سفرە، واتە کات  و ساتەوەختی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە.

بە گوێرەی رۆژنامەی”العرب”ی چاپی لەندەن،لایەنە سیاسیەکانی عێراق نایشارنەوە، کە لە سەر دۆخی ئێستای عێراق و پرسی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی موسڵ، لە ناکۆکیدان و هەر لایەنێک خوێندنەوەی خۆی هەیە.

زۆربەی کێشەکان لە سەر ماهییەتی ئەو هیزانەیە، کە بڕیارە شان بە شانی سوپای عێراق بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە بن. هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە لە ژیر کۆنتڕۆڵ و رێنوێنی ئێراندا دەجوولێنەوە، دوو هێزی ناکۆکن، ئەم پرسەش مشتومڕێکی زۆری سەبارەت بە ئایندەی سیاسی عێراق و تەنانەت ناوچەکە بەدوادا هاتووە.

چاودێرانی سیاسی و سەربازی رایان وایە، کە هەرێمی کوردستان هەنگاوەکنای بەرەو موسڵ خیراتر کردۆتەوە و لە راستیدا دەستپیشخەر بووە، بەڵام لێرەدا بابەتێکی دیکە جێی مشتومڕ وناکۆکییە، ئەویش ئەو پانتا و رووبەرە جوگرافیەیە، کە هێزەکانی حەشدی شەعنی تیدا جێگیر بوون.

سەرچاوەکانی نزیک لە هێزی پێشمەرگە رایانگەیاندووە، ئەم هێزە  لە رۆژانی رابردوودا توانیویەتی بە رادەیەکی بەرچاو پێشرەوی بکات، شێرزاد زاخوۆلی، فەرماندەیەکی بەرەکانی شەڕی هێزی پێشمەرگە، لەم بارەیەوە گوتویەتی:هێزی پیشمەرگە بە هۆی هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووەوە، توانیویەتی چەندین گوند و ناوچەی عەمەلیاتی لە ژیر دەستی داعش دەربێنی و لە سێ مێحوەرەوە پێشڕەوییان کردووە. زاخۆلی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم ناوچانە گرنگی تایبەت بە خۆیان هەیە، چونکە داعش لەم ناوچەیەوە بە رێگەی زەمین و ئاسمان هێزەکانی پێشمەرگەی دەکردە ئامانجی هێرشەکانی.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە هەریمی کوردستانەوە دەڵێن، ئەم ئۆپەراسیۆنانەی چەند رۆژی رابردوو بە فەرماندەیی وچاودێری راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە.

بارزانی لەم رۆژانە لە گەڵ برێت مەک گورک، نوێنەری تایبەتی ئیدارەی ئۆمابا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کۆبۆتەوە و، سەبارەت بە چۆنیەتی گرتنەوە شاری موسڵ و باسە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.

چاودێرانی سیاسی، هۆشداری لە دوای ئازادکردنەوەی موسڵ دەدەن و دەڵێن، رەنگە ئەم شارە ببێتە پانتا و گۆرەپانی ململانێی هیزە ئیقلیمیەکانی وەک تورکیا و ئێران، هەرێمی کوردستانیش لە روانگەیەکی مێژووییەوە سەیری موسڵ دەکات و ئینتمایەکی تایبەتی بۆی هەیە.

لەم پەیوەندیەدا رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە زاری یزید صابغ لێکۆڵەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کارنگی لە بەیروت دەنووسێت: لە ئێستادا دەتوانین باس لە هێزێک بکەین، کە دەکرێ وەک هێزی براوەی شەڕی دژ بە داعش ناویان بێنین. هێزی پێشمەرگە چووەتە ئەو ناوچانەوە، کە پێشتر لە ژیر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەندی عێراقدا بوو. هەرێمی کوردستان لە هەوڵ دایە لانی کەم ٥٠%ی ئەو ناوچانەی کە پێشتر کۆنترۆڵی بەسەردا بووە، بخاتەوە سەر خاکی خۆی.

ئەم پێشرەویانەی هێزی پیشمەرگە، گریمانە دەکری دواجار ببێتە هۆ ململانیێان لە گەڵ سوننەکانی موسڵ، چونکە زۆربەی دانێشتوانی ئەم شارە سوننەن. لێرەدا ناکرێ ئەزمونی دوزخورماتو لەبیر بکرێت.

ئەم ئەگەر و سیناریۆیانە لە کاتێکدایە، کە ئێران بە موتڵەقی خوازیاری بە دەستەوە گرتنی کۆنتڕۆڵی موسڵە لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، نزیکەی٢ ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە.لە لایەکی دیکەوە تورکیا وەک بەشێک لە بازنەی ئەمنی خۆی دەروانێتە موسڵ و لەم بارەوە حەساسییەتێکی زۆر هەیە.

تاران متمانەی تەواوی بە هیزەکانی حەشدی شەعبی و دەوڵەتی مەرکەزی بەغداد کردووە و، لەم بارەوە پشتگیری تەواوی ئەم دوو لایەنە دەکات.

لە کاتێکدا تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڵوێستەی ئێران تەرکیزی لە سەر دوو خاڵ کردووە، یەکیان پشتگیری کردنی هەرێمی کوردستانە، هاوکات پشتیوانی کردن لە هێزەکانی “حشد الوطنی” کە لە هۆز و عەشیرەتەکانی عەرەبی سوننە پێکهاتووە، کە هێزێکی ٦٥٠٠ کەسی هەژمار دەکرێ و ئەسەیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی موسڵ فەرماندەیی هێزەکە دەکات، لە بنکەی سەربازی لە بەعشیقە جێگیر کراون و دەکەوێتە ٣٠ کیلۆمەتری موسڵەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە  دانانی ئەم بنکە سەربازییە بە هەماهەنگی لە گەڵ ئەمریکا بووە.

ئوسامە نوجەیفی، سەرکردەی “ائتلاف متحدون”لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و برای ئەسەیل نوجەیفی لە دیدار لە گەڵ نوێنەری ئیدارەی ئۆبامای گوتووە، بە هەموو شێوەیەک دژ بە بەشداری کردنی حەشدی شەعبین لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە تورکیا هاوکات نیگەرانە لەوەی هەرێمی کوردستان بە یەکجاری چاوی تەماحی بڕیبێتە سەر موسڵ، ئاساییە کە نەوهەوی موسڵ شارێکی کوردی بێت،ئەوەی جێی مەبەستی تورکیایە ئەوەیە کە ئەم شارە لە لایەن سوننەکانی نزیک لە ئەنقەرەوە بەڕێوە ببرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com