نوچە-دەنگی ئەمریکا
بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی ئامادە نییە لە سەر رادەستکردنەوەی فەتحولا گولەن، لە گەڵ ئەمریکا هیچ جۆرە سازشێک بکات. یڵدرم هەروەها هۆشداری دەداتە ئەمریکا، کە رادەست نەکردنی گولەن دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەستی دژە ئەمریکایی لە کۆمەڵگای تورکیا.
ئەم لێدوانەی یڵدرم، نوێترین هەڵوێستی تورکیایە بەرامبەر بە ئەمریکا.پەیوەندی نیوان ئەم دوو وڵاتە لە دوای کودەتاکەی ١٥ی تەمووز بەرەو ئاڵۆزی چووە.
جۆ بایدن،جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا بڕیار وایە، بۆ دیداروچاوپێکەوتن لە گەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا سەردانی ئەم وڵاتە بکات.
بە گوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵ، بەرپرسانی تورکیا داواکارییەکی فەرمییان بۆ رادەستکردنەوەی گولەن ئامادەکردووە.پێشتر مەولود چاوش ئۆغڵو رایگەیاندبوو، ئەگەری هەیە ئەمریکا لەم بارەوە هاوکاری تورکیا بکات ووڵای ئەرێنی بداتەوە.
کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری یڵدرمەوە دەڵێت: ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی ئەمریکا وتورکیا، بەستراوەتە بە رادەستکردنەوەی گولەن،چونکە تورکیا پێی وایە ئەم بابەتە سازشی لە سەر ناکرێت.