نوچه‌نێت- ئاژانسه‌كان
تۆماس دی میرێز وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا داوای كرد ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانی له‌و كه‌سانه وه‌ربگیرێته‌وه كه هه‌ڵگری دوو ره‌گه‌زنامه‌ن و له ریزی گروپه تیرۆرستییه‌كاندان.
دی میرێز هه‌روه‌ها گوتی، داوا ده‌كه‌م ریوشوێنی ئه‌منی نوێ بگیرێته‌به‌ر به مه‌به‌ستی سنوردانان بۆ مه‌ترسییه تیرۆرستییه‌كان، وه‌ك ده‌ستگیر كردن و كۆچپێكردنی كه‌سانێك، كه ئه‌و یاسایه ده‌یانگرێته‌وه كه ده‌ڵێت “ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن یان ده‌بنه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی گشتی له ئه‌ڵمانیا، ده‌بێت له وڵات ده‌ربكرێن و مافی په‌نابه‌رێتییان لێ بسه‌نرێته‌وه”.
رۆژنامه‌ی “زیودوچی تسایتۆنگ”ی ئه‌ڵمانی باسی له‌وه كردووه، كه وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، بیرۆكه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی پێشنیار كردووه، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خاكی ئه‌ڵمانیا به‌جێ ده‌هێڵن و به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ڕۆن بۆ شه‌ڕكردن، له ریزه‌كانی گروپه تیرۆرستییه‌كاندا.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌زگای ناوه‌ندی تایبه‌ت به تاوانه‌كان له ئه‌ڵمانیا، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوسۆزییان بۆ گروپه تیرۆرستییه‌كان هه‌یه، ده‌گاته هه‌زار كه‌س و ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه، كه مه‌ترسی جددیش هه‌یه كه زیاتر له 200 كه‌س له‌وانه تاوانی تیرۆرستی ئه‌نجام بده‌ن.
ژماره‌ی ئه‌و ئه‌ڵمانییانه‌ی چونه‌تە ریزه‌كانی داعشه‌وه له عێراق و سوریا، نزیكه‌ی 600 كه‌س ده‌بێت، کە 180 كه‌سیان گه‌ڕاونه‌تەوه بۆ ئه‌ڵمانیا، حكومه‌تی ئه‌ڵمانیاش ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه كار بكه‌ن بۆ به سه‌رباز كردنی جه‌نگاوه‌ری نوێ بۆ ریزه‌كانی داعش، یان پلان دارێژن بۆ كاری تیرۆرستی له ناو خاكی ئه‌ڵمانیا.