نوچەنێت-ئاژانسەکان
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمرۆ هەینی 12ی ئاب بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لە گەڵ بەرپرسانی تورکیا گەیشتە ئەنقەرە.
لە دوای کودەتاکی 15ی تەمووزی تورکیا، ئەمە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئێران بۆ ئەم وڵاتە هەژمار دەکرێت.
جەواد زەریف، بڕیار وایە لە گەڵ مەولوود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆببێتەوە، دوای ئەوەی کە دیداری شاندە سیاسییەکانی هەر دوولا کۆتایی هات لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشی ئەنجامی وتووێژەکان رادەگەیێنن.
زەریف هەروەها لە دیوانی سەرۆککۆماری تورکیا لە گەڵ رەجەب تەیب ئەردغان کۆدەبێتەوە.
لە میدیاکانی ئێران گریمانەی ئەوە دەکرێت، کە سەبارەت بە قەیرانی سوریا پێکهێنانی گروپێکی سێ قۆڵی پێکهاتوو لە روسیا، ئێران و تورکیا، لەم سەردانەی زەریف بۆ تورکیا بخرێتە بەر باس و گفتوگۆ.
سەردانەکەی زەریف بۆ تورکیا، دوابەدوای سەردانی ئەردۆغان بۆ روسیا دێت، کە لە میدیاکانی هەر دوو وڵات کاردانەوە و دەنگدانەوەی زۆری بە دواوە بوو.