نوچەنێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پترسبۆرگ لە گەڵ ڤێلادمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا کۆبووەوە ،وەک بۆ خۆی گوتوویەتی ئەمە دەستپێکی وەرزێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.
ئەردۆغان پێش سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ، بە ئاژانسی هەواڵنێری تاسی گوت، کە خوازیاری نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتە و ئەم دیدارەی بە سەردانێکی مێژوویی و دەستپێکی وەرزێکی نوێ لە قەڵەمدا.
ئەم دەستپێکە، لە کاتیکدایە کە ئەردۆغان، لە کۆتایی مانگی جون بە ناردنی نامەیەکی نهێنی بۆ پوتین، بەداخ بوونی خۆی لە رووداوەکەی مانگی نۆڤامبەری ساڵی رابردوو، کە فڕۆکەیەکی شەڕکەری روسیا، لە لایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە کرایە ئامانج، دەربڕی. ئەم نامەیە دوای ئەوە رەوانەی کٶشکی کرملین کرا کە هەشت مانگ بە سەر ئاڵۆزی و تەنگژەی پەیوەندییەکانی دوو لایەندا تێدەپەڕی.
پێش ناردنی ئەم نامەیە، چووبوونە ناو ململانێیەکی ئابوورییەوە، کە ئەنجامەکە بوو بە گەمارۆی بازرگانی و ئابورییەکانی روسیا بۆ سەر تورکیا، کە بەو هۆیەوە بواری گەشتیاری تورکیا تووشی خەسارێکی زۆر بوو.
هاوکات لە گەڵ شەڕی دیپلۆماسی نێوان دوو لایەن، روسیا سیاسییەکانی تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستێکی باڵایان لە قاچاغی نەوت، لە لایەن داعشەوە هەیە و ناوی ئەم وڵاتەیان وەک شەریکی بارزگانی داعش زڕاندبوو. هەنگاویکی دیکەی روسیا لەم ململانێیە، رێگەپیدان بە لایەنێکی چەکدار و سیاسی کوردی رۆژئاوا بوو تا نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لە مسکۆ بکاتەوە.
لە ئەنجامدا، تورکیا کە خۆی لە داوای لێبوردن کردن و دانی خەسارەت بە روسیا دەبوارد، لە ناکاو ئاراستەی سیاسەت و هەلویستەکانی خۆی گۆڕی.
ئەم گۆڕانکارییە، هاوکات بوو لە گەڵ رێککەوتنی تورکیا و ئیسرائیل بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان، کە لە راستیدا هەڵگری ئەم پەیامەش بوو کە تورکیا پێداچوونەوە بە سیاسەتی ناوچەیی خۆیدا دەکات.
دوروک ئەرگۆن، لێکۆڵەری سەنتەری دیراساتی ئابوری و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، لە ئیستەنبوڵ لەم بارەیەوە رای وایە کە گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی تورکیا، بۆ زۆریەک لە شرۆڤەکارانی سیاسی چاوەرواننەکراو بوو.
بە گوتەی ئەرگۆن، ئەوەی روانگەی ئەردۆغانی گۆڕی، نامومکین بوونی بەردەوامی سیاسەتی دەرەوەی چەند ساڵی رابردووی تورکیا بوو. دروشمی سفر کردنی ناکۆکییەکان لە گەل دراوسێکان، ئەنجامێکی پیچەوانەی هەبووە و تورکیا لە بەر کردەیی نەبوونی ئەم بیرۆکەیە لە سیاسەتی دەرەوەیدا، ژمارەی دۆستەکانی رووی لە کەمی دەدا.
لە راستیدا، سیاسەتی تورکیا لە سوریا بووە هۆی ئەوەی کە بێجگە لە سعودیە و قەتەر، ئەکتەریکی ناوچەیی ئەوتۆی بە دەورەوە نەمێنێ.
لەم نیوەدا، جیاوازی بۆچوون و خوێندنەوەی جیاواز بۆ یەپەگە کە وەک لقێکی پەکەکە هەژمار دەکرێت، ببووە هۆی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەمریکا.
وەرسووڕانی دیپلۆماسی
نەرمی نواندنی دیپلۆماسی ئەرۆغان زۆر زوو ئەنجامەکەی دەرکەوت. دوو رۆژ دوای ناردنی نامەکە بۆ کرملین، پوتین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گەل ئەردوغان، خوازیاری ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بوو.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە بوو، کە کۆمەڵیک چەکدار هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی کەماڵ ئاتاتورک لە ئیستونبوڵ و، هەڵگری ئەم پەیامە بوو کە روسیا لەم هەلومەرجە دژوارەدا لە گەڵ خەڵکی تورکیایە.
پوتین دوای کودەتا بێ ئەنجامەکەی 15ی تەمووزی ئەمساڵی تورکیا، لە ریزی یەکەم سەرۆکی وڵاتانی جیهان بوو، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گەل ئەردۆغان، پشتیوانی تەواوی روسیای بۆ ناوبراو بەرامبەر بە کودەتاچییەکان دەربڕی. دەربڕینی ئەم پشتیوانییە، لە لایەن پوتینەوە بابەتێک نەبوو کە ئەردۆغان بە سانایی و ئاسانی لێی تێپەڕ ببێ.
هاوکات لە گەڵ دەستگیرکردنی بەربڵاوی کودەتاچییەکان، راگەیێنرا کە فڕۆکەوانی سوخۆی 24 کە لە لایەن تورکیاوە کرابووە ئامانج لە نێو دەستگیرکراوەکاندایە. ئەردۆغان بە ئاژانسی تاسی راگەیاند، جەخت دەکەمەوە کە فڕۆکەوانەکە دەستگیر کراوە و رەوتی دادگاییەکەی بەڕێوەدەچێت.
ئەمریکا و یەکیتی ئەوروپاش، دوای کودەتاکە دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەوڵەتی تورکیا، بەڵام کاردانەوەکانی رۆژئاوا بەرامبەر بە رەوتی دەستگیرکردن و لە سەر کار دوور خستنەوەی بەربڵاوی تۆمەتباران بە کودەتا، پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و تورکیای خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
خۆبواردنی ئەمریکا لە وەڵامی ئەرێنی و روون بە تورکیا، کە خوازیاری رادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن بووە، خاڵێکی دیکەی جێی ناکۆکی دوو لایەنە.
نزیکبوونەوەی لە روسیا
گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی تورکیا سەبارەت بە روسیا، دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی بەر لە کودەتا، بەڵام هەر وەک رووداوەکانی دوای کودەتا، کە کاریگەریان بە سەر تێکڕای بوارەکانی ژیان و سیاسەتی ئەم وڵاتەوە هەبوو، کاریگەرییەکی دیکەشی پێکهاتنی ئەو دۆخە بوو کە بواری بۆ وەرزێکی نوێ لە پەیوەندەییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە رەخساند.
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، تورکیا کە لە پەیوەندییەکانی لە گەل هاوپەیمانانی ئەمریکی و ئەوروپی، بەرەوڕووی کێشە بۆتەوە، زیاتر لە رابردوو مەیل و حەزی لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لە گەڵ مۆسکۆ دەگەڕێ.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم نزیک بوونەوەیە بۆ روسەکان خالێکی بەرچاوی هەیە کە بەم شێوەیە مانا دەکرێتەوە کە ئاڵۆزی لە نێوان تورکیا و رۆژئاوا، بە گشتی لە قازانجی روسیایە، بە تایبەت کە باسی ناتۆ دێتە ئاراوە.
ئەرگۆن دەڵێت: ئەمە دەرفەتێکە لە بەردەم روسیا، کە بە کەڵک وەرگرتن لەم ناکۆکیانە، کەلێن بخاتە نێوان ناتۆ و خۆی لە ئەردۆغان نزیکتر بکاتەوە. ئەمەش لە لای رۆژئاوا جێی نیگەرانییە.
نزیکبوونەوەی روسیا و تورکیا، دەرفەتێکە بۆ ئەم دوو وڵاتە تا بە دەستێکی ئاوەڵاترەوە سەبارەت بە هاوکێشە و پرسە ناوچەییەکان بیروڕای خۆیان بگۆڕنەوە، هەر چەندە کە پرسی سوریا لە پەیوەندییەکانی دوو لایەندا، ئێستاش زۆر بە جددی خالێکی ناکۆکییانە.
سەرباری جیاوازی ستراتیژی نێوان ئەنقەرە و روسیا، کۆمەڵێک بەرژەوەندی و تموحی ئابوری و بازرگانییان هەیە کە ناکرێ بە ئاسانی چاوپۆشی لێبکەن.
ساڵانە زیاتر لە 4 ملیۆن گەشتیار لە روسیاوە روودەکەنە تورکیا، کە کەمبوونەوی ئەو ژمارەیە بو هۆی ئاڵۆزییەکانەوە، لە مانگەکانی رابردوودا زەبرێکی گەورەی داوە لە هەیکەلی گەشتیاری ئەم وڵاتە.
بوارێکی دیکە کە دەکرێ هاوکاری و پەیوەندی گەرمی دوو لایەنی لە سەر ساغ بکرێتەوە، مەسەلەی وزەیە. روسیا گەورەترین هەناردەکەری گازی سروشتییە بۆ تورکیا، لەم رووەوە تورکیا بەستراوەییەکی تایبەتی هەیە بە روسیا. لە لایەکی دیکەوە روسیا، لە پلانیدایە بە کێشانی هیڵی بۆری گواستنەوەی گاز، گازی سروشتی خۆی لە رێگای تورکیاوە بۆ باشوری رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەناردە بکات.
روسیا هەروەها خەریکی دانانی یەکەمین وێستگەی کارەبای ئەتۆمی تورکیایە، کە تێچووەکەی تا 25 ملیار دۆلار مەزندە کراوە. تورکیاش هیوادارە بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، بواری بە ئەنجام گەیاندنی وێستگەی کارەبای “ئاک کویو” فەراهەم بکرێت.