توركیا بۆری جیای گواستنەوەی گاز بۆ كوردستان دروست دەكات
نوچەنێت. گۆڤاری سڤیل
ئاژانسی هەواڵی یونایتد پرێس ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێكدا دەڵێ لە كاتێكدا عێراق لە لێواری قەیران و مەترسیدایە، كوردستان لەسەر دوورگەیەكی پڕ ئارامیدایە. هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كوردستان سامانێكی زەوەندی سروشتی هەیە، بە جۆرێك سامانی گازی سروشتییەكەی 60 تریلیۆن پێی سێجایە، كە ئەمەش لە هەموو سامانی گازی سروشتیی لیبیا زیاترە و نەوتەكەشی 45 بلیۆن بەرمیل نەوتە.
بەڵام كێشەی ئەم هەرێمە ئەوەیە لە ناوچەیەكی داخراودایە و دەبێ سەرجەمی سامانە سروشتییەكانی لەڕێگەی بۆرییەكانی حكومەتی بەغداوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە و بەمجۆرە هەر كێشەیەك لەگەڵ بەغدا كێشە دەبێت لەبەردەم هەناردەكردنی نەوتدا. بۆیە دەبێ كوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ توركیا ببەستێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم كێشەیەدا. توركیاش هەم بۆخۆی گازی سروشتی نییە و پێویستی بە گازی سروشتی كوردستانە بۆ وێستگەكانی وزەی، هەمیش بە دروستكردنی ڕێڕەوێكی ناردنە دەرەوەی سامانە سروشتییەكان دەتوانێت سۆزی هەرێم رابكێشێی و پشتگیرییان بۆ پەكەكە كەم بكاتەوە.
خافێر بلاس نوسەر لە فاینانشیاڵ تایمز دەڵێ “بەرهەمی زۆری ژێر زەوی گازی سروشتی كوردستان و پەرەسەندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و هەرێم و هاوكات باشتربوونی هاریكاریی ئەمنی نێوان هەردوولا وای كردووە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پتەوتر بن”، ئەو هەروەها دەڵێ “توركیا تەنانەت باسی دروستكردنی بۆرییەكی هەناردەكردنی گازی سروشتی دەكات لە كوردستانەوە بۆ هێڵی نابوكۆ، ئەو هێڵەی لە بەرنامەدایە گازی سروشتی لە قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیاوە بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا”.
ئاژانسەكە ئاماژەش دەكات بە بۆندەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل، كە گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەموو جیهاندا و لە كۆتاییدا دەڵێ ئەگەر عێراق دەست بە پارچەپارچە بوون بكات، ئەمە وا دەكات كۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەكانی تریش روو لە كوردستان بكەن.