نوچەنێت-قطرە
کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی ئەمڕۆ لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، کە مەولوود چاوش ئۆغڵو، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردۆتەوە، کە لە روانگەی ئەم وڵاتەوە لە رەوتی ئینتقالی سیاسی سوریا، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە جێگای نابێتەوە.
بە گوێرەی ئەم راپۆرتەی سکای نیوز، کە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 11ی ئاب بڵاو بۆتەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکیدا سەرنج دەخاتە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی، لەوانە مەسەلەی رادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن، ئاسایی کردنەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل، هەروەها روسیا و پەیوەندی ئەم وڵاتە بە ناتۆوە.
چاوش ئۆغڵو، سەبارەت بە مەسەلەی رادەستکردنەوەی گولەن دەڵێت: ئاماژەکان باس لە هاوکاری واشنتۆن بۆ رادەستکردنەوەی گولەن دەکەن.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی تورکیا هەروەها باس لەوە دەکات، کە هەفتەی داهاتوو رێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پەسەند دەکرێت.
دەربارەی پەیوەندی وڵاتەکەی و ناتۆ پێیوایە، کە ئەولەویەتی یەکەم، هاوکاری لە گەڵ ناتۆیە، بەڵام ئەمە نابێتە بەربەست لە بەردەم هاوکاری تورکیا لە گەڵ لایەنەکانی دیکە.
چاوش ئۆغڵو جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە تورکیا بەم زووانە هێرشە ئاسمانیەکانی بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ سەر داعش دەستپێدەکات و راشیگەیاند کە پێشنیاری ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی هاوبەشی خستۆتە بەردەم روسیا.