
سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت لە کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی
نزیكەی دوو ساڵە سلێمانی بە وەكالەت بەڕێوە دەچێت
نوچەنێت. سایتی ههولێر
ئارام كۆشكی
لە پارێزگای سلێمانی پارێزگار و 3 بەڕێوەبەری گشتی وەكالەتن و شارەزایانی بواری ئیداری باس لەوە دەكەن كە ئەمە بۆشایی بۆ باش بەڕێوەچوونی كارەكانی هاووڵاتیان دروست كردووە.
بەڕێوەبەرێكی گشتییش كە بە وەكالەت كارەكان بەڕێوە دەبات، ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە “وەكالەت”ـبوونی لە بەردەم ڕاییكردنی ئیشوكاری هاووڵاتیاندا بووبێتە ڕێگر.
نزیكەی دوو ساڵە پارێزگاری سلێمانی (بەهرۆز محەممەد ساڵح) بە وەكالەت پۆستی پارێزگاری سلێمانیی وەرگرتووە و هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و كارەبا و وەبەرهێنان بە شێوەی وەكالەت بەڕێوە دەچن، لە كاتێكدا بەپێی پرەنسیپە ئیدارییەكان (وەكالەت) بۆ ماوەیەكی زەمەنیی كەمە كە لە نێوان مانگێك بۆ شەش مانگدایە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (كاوە عەبدوڵڵا) لە بارەی وەكالەتبوونی بەشێكی زۆر لە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانییەوە، باس لەوە دەكات كە بە هۆی دەستتێوەردانی حزبەوە لە حكوومەت و یەكە ئیدارییەكان بەشێكی زۆری ئەو پۆستانە هەر بە وەكالەت ماونەتەوە. گوتیشی: “بە هۆی بوونی مەركەزییەتەوە، لە دانانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری قەزا و ناحییەكاندا، هیچ پرسێك بە ئەنجوومەنی پارێزگا ناكرێت.”
ئەگەرچی بڕیار بوو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كارەبا و وەبەرهێنان و شارەوانییەكان بە شێوەی (سی ڤی) دابنرێن و بۆ ئەم مەبەستە لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا فۆڕم دابەش كرا، بەڵام وەكوو چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەو پرۆژەیە شكستی پێ هێنراوە و تا ئێستایش ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بە شێوەی (وەكالەت) بەڕێوە دەبرێن.
شارەزای بواری ئیداری (ئاراس عوسمان) باس لەوە دەكات كە بەدەر لە پارێزگای سلێمانی و ئەو سێ بەڕێوەبەرە گشتییە، چەندین قەزا و ناحییەی دیكە بە شێوەی وەكالەت بەڕێوە دەبرێن و هەندێكیان ساڵێك زیاترە. گوتیشی: “پۆستی وەكالەت كە بە كەسێك دەدرێت، بۆ ماوەیەكی زەمەنیی كورتە نەك چەند ساڵێك بخایەنێت.”
(ئاراس) ئەوەی نەشاردەوە كە بەردەوامبوونی پارێزگاری سلێمانی بە شێوەی (وەكالەت) بۆ ماوەی دوو ساڵ زیانی بە باش بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی هاووڵاتیان و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان گەیاندووە.
ڕوونیشی كردەوە: “هەر بۆیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان كێشەی جۆراوجۆر پارێزگای سلێمانیی گرتەوە و بەشێك لەو كێشانە تا ئێستایش بە چارەنەكراوی ماونەتەوە.” ئەو شارەزایەی بواری ئیداری، ئەوەیشی نەشاردەوە كاتێك پۆستێك بە وەكالەت بە كەسێك دەدرێت هەمان ئەو دەستەڵاتەی نابێت كە ئەو پۆستە وەكالەت نەبێت، بۆیە زۆر جار سستی لە باش بەڕێوەچوونی كارەكاندا دەبینرێت.
بەڵام بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی بەوەكالەت پارێزەر (خالید حوسێن) ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە هەموو سەڵاحیاتەكانی بەڕێوەبەرێكی گشتیی نەبێت و گوتی: “من كە لەم پۆستەدا بەردەوامم، هەمان سەڵاحیاتەكانی بەڕێوەبەرێكی گشتیم هەیە و هاوكات تا ئەوكاتەی لەم پۆستەدا بم، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئیشوكارەكانم بەڕێوە دەبەم.”
لە بارەی هەوڵی دانانی بەڕێوەبەرە گشتییەكانەوە بە شێوەی سی ڤی، (ئاراس عوسمان) ئەوەی خستە ڕوو كە ئەگەرچی ئەو هەوڵە شتێكی دڵخۆشكەر بوو، بەڵام لە ئێستادا شكستی پێ هێنراوە و دوای 7 مانگ كەس هەر باسیشی ناكات.
(كاوە عەبدوڵڵا)ـیش ئەوە ناشارێتەوە كە بەردەوامیی “وەكالەت”ـبوونی پۆستە ئیدارییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە پارێزگاریشەوە، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئیشوكارەكانی هاووڵاتیان و هەنگاوەكانی ئاوەدانی لە پارێزگاكەدا دەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی ڕەنگە لە ڕووی پلانەوە شتێكی ئەوتۆ نەكرێت.
پەیامنێری “هەولێر” چەندین جار هەوڵی دا پێوەندی بە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە سلێمانی و پارێزگاری سلێمانییەوە بكات، بەڵام هەوڵەكانی بێئاكام بوون.