نوچه- ده‌زگای توراسی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكا
شاره‌زایانی بواری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا، ئیداره‌ی ئۆبامایان به كه‌می حیكمه‌ت و دووربینی تۆمه‌تبار كرد، له مامه‌ڵه كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی مه‌ترسی گه‌وره بۆسه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا دروست ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی به‌جۆرێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ داعش ده‌كات كه مه‌ترسیه گه‌وره‌كه‌یه، له‌كاتێكدا بێ ئاگایه له‌وه‌ی، كه شاره‌زایان ئێرانیان وه‌ك گه‌وره‌ترین مه‌ترسی پۆلێن كردوه.
له نوێترین هه‌ڵسه‌نگاندندا بۆ سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا، كه ده‌زگای توراسی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی ئه‌نجامیداوه، ئێران گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ، نه‌ك رێكخراوی داعش كه هه‌ندێك كه‌س وایده‌بینن، به‌پێی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه پێگه‌ی بزنس ئینسایده‌ر بڵاوی كردبوه‌وه.
راپۆرته‌كه‌ی توراس هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ ئه‌وه ده‌گێڕیته‌وه، كه ئیران هیچ مه‌ترسیه‌كی كورت مه‌ودا دروست ناكات به به‌راورد له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش و تیرۆرستان، به‌ڵام راپۆرته‌كه داوا له هه‌موان ده‌كات كه پێویسته ئاگاداربن ئێران هه‌ر به كۆتایی هاتنی ماوه‌ی رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ واشنتۆن و رۆژئاوا، بێگومان په‌له ده‌كات له دروست كردنی بۆمبی ئه‌تۆمی، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی دوور مه‌ودا دروست ده‌كات.
راپۆرته‌كه‌ی ده‌زگای توراس پێیوایه، رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ته‌نها بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ توانای ئه‌تۆمی ئێران سنوردار ده‌كات، به‌ڵام دوای ته‌واو بوونی ئه‌و ماوه‌یه ئێران ده‌ست ده‌كاته‌وه به په‌ره‌پێدانی توانا ئه‌تۆمییه‌كه‌ی.
پێگه‌كه له‌سه‌ر زاری ئه‌فسه‌رێكی پێشوو و ئه‌ندامی په‌یمانگای هیدسۆن بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی به ناوی میكال بریجانت گواستویه‌تیه‌وه‌و ده‌ڵێت” ئێرانییه‌كان ئارامگرییه‌كی بیوێنه‌یان هه‌یه و پرۆگرامی ئه‌تۆمی، یه‌كێكه له ئامانجه ستراتیژییه‌كانیان، ئێمه پێمانوایه رێگریكردنیان بۆماوه‌ی 15 ساڵ ماوه‌یه‌كی زۆره، به‌ڵام ئه‌وان وا بیر ناكه‌نه‌وه، پێموایه ئه‌وان ده‌توانن له‌ماوه‌ی 15 ساڵدا ببنه خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی، ئه‌و كاته‌ش ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی راسته‌قینه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”.
میكال سینج یه‌كێكه له به‌ڕیوه‌به‌رانی پێشووی به‌شی كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی، ده‌ڵێت” كاتێك توانا ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران گه‌شه ده‌كات، ئه‌وا واشنتۆن هێزی پێویستی نابێت بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئێران، ئه‌و كاته تواناكانی ئێمه بچوك بوه‌ته‌وه”، سینج ده‌شڵێت ” پیموایه ئه‌و كاته ئێران ده‌توانێت پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆبكاته‌وه، ئه‌وكاته توانا سه‌ربازی و به‌رگرییه‌كه‌ی به‌هێزبوه، بۆیه له‌و كاته‌دا ئه‌مریكا ناچار ده‌بێت رێگری له هه‌ر پێشنیارێك بكات بۆ سزا خستنه سه‌ر ئێران”.
راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای ئه‌مریكا و ئێران داوه و، گه‌یشتوه‌ته ئه‌م ئه‌نجامه : ئه‌مریكا ئێستا چاوپۆشی ده‌كات له ره‌خنه گرتن له ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی ئێران له كاروباری ناوخۆیی ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه، بۆئه‌وه‌ی زیان به‌ر ڕیكه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه نه‌كه‌وێت.
میكال بریجانت به‌وه كۆتایی پێده‌هێنێت كه ” زیاتر كردنی سزاكانی سه‌ر ئێران رێكه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه له‌ناوده‌بات، بۆیه ئه‌مریكا له دژی هه‌ر هه‌وڵێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌وه‌ستێته‌وه بۆ سزا خستنه سه‌ر ئێران”، جه‌ختیشی كرده‌وه كه رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كه بوه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی سزا ئابورییه‌كانی سه‌ر ئێران، تواناكانی ئێران زیاد ده‌كات و وایلێده‌كات كرده‌وه‌ی تیرۆرستی زیاتر له خاكی وڵاته دراوسێكانیدا ئه‌نجام بدات.